Erbil 38°C سێشەممە 18 ئاب 20:32

مەسرور بارزانی: له‌ گفتووگۆداین لەگەڵ وڵاتان بۆ کردنەوەی بازاڕه‌کانی دەرەوە بەڕووی هەرێمی کوردستان

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی ئەیلوولی 2021 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێوڕەسمی کردنەوەی ژمارەیەک سایلۆ و کارگە لە هەولێر بەڕێوەچوو.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و خۆشحاڵی خۆی ڕاگەیاند لە بەرامبەر ئەوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیوویەتی ئەو بەڵێنانە بەجێ بگەیەنێت کە بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانییان دابوو. 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەکە یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، هەروەها سەرەتایەکە بۆ بووژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان، کردنەوەی ئەو سایلۆ و کارگانە هەلی کار لە بواری بازرگانی و پیشەسازی بۆ گەنجان دەستەبەر دەکات. 

ڕاشیگەیاند، ئەم کارگانە دەتوانن بەرهەمەکانی جوتیاران وەربگرن، بۆیە چیتر جوتیاران خەمی ساغکردنەوەی بەرهەماکانیان نابێت. 

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئاواتەخوازن بەرهەمەکانیان ڕەوانەی دەرەوە بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند لە گفتووگۆدان لەگەڵ وڵاتان بۆ کردنەوەی بازاڕه کانی دەرەوە بەڕووی هەرێمی کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بەرهەمەکان. 

سەرۆکی حکوومەتی کوردستان جەختی لەوە کردەوە لە کابینەی نۆیەمدا تەنها پشت بەیەک سەرچاوەی داهات نابەستن جەختیشی کردەوە لە گرینگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ، گوتیشی: ئێمە دەمانەوێ ستاندارتی ژیانی خەڵکی کوردستان لەوە بەرزتر بکەینەوە. 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆتایی قسەکانیدا لەبارەی هەڵبژاردنەوە قسەیکرد ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارەیان چارەنووس سازە و چونکە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، بۆیە پێویستە ئەو کەسانە هەڵبژێرن کە داکۆکیکاری مافەکانتان بن و ڕێگە بگرن لە پێشێلکردنی مافەکانتان. 

هەروەها داوایکرد حیزبەکان دووربکەونەوە لە پەلاماردانی یەکتر و کار بۆ ئەوە بکەن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مافەکانی کورد پێشێل نەکرێت و داکۆکی لێبکەن، گوتیشی پێویستە خەڵکی هەرێمی کوردستان چاودێری بەرنامە و پلانی حیزب و کاندیدەکان بکات و بزانێت ئەو کەسانە توانای جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەیان هەیە یاخود نا ، بەڵێنەکانی ڕابردوویان و کردارەکانیان بەراورد بکه‌ن.

شایەنی باسە، پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، لە دروستکردنی 40 سایلۆ و 11 کارگەی بەرھەمە خۆراکییەکان پێکدێت، کە لە قۆناغی یەکەمدا 20 سایلۆ و 5 کارگە تەواو دەکرێن، لە قۆناغی دووەمیشدا بیست سایلۆ و 6 کارگەی دیکە تەواو دەکرێن، ماوەی دوو ساڵیش دیاریکراوە بۆ تەواوبوونی پڕۆژەکە، ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە کرایەوە.


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.