Erbil 38°C سێشەممە 18 ئاب 17:41

مەغریب کۆمپیوتەرێکی گەورەی بۆ پێشبینییەکانی کەش و هەوا بەگڕخست

کوردستان TV
100%


لەچوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ برەودان بە بواری پێشبینیكردنی كەش و هەواو ئاگاداربوونی پێشوەختە لە هەڕەشەكانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسیی لە (مەغریب) كۆمپیوتەرێكی زەبەلاحی تەرخانكردووەو ناوی ناوە (ئەمتاڕ – AMTAR) و دوای پێكەوە بەستانی تەواوی بەشەكانی و ئەنجامدانی چەندین تاقیكردنەوە لە مانگی نیسانی رابردووەوە، بەڕێوەبەرایەتییەكە بە فەڕمی كۆمپیوتەرە ناوازەكەی بەگڕخست. 
لەمبارەیەوە، (حوسێن یوعابد) ی بەرپرسی بەشی پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسیی لە (مەغریب) رایگەیاند:"ئەو كۆمپیوتەرە پێشكەوتووە پشت دەبەستێ بەو داتایانەی كە بەردەوام پێی دەدرێت لەبارەی توخمەكانی كەش و هەواو پاشان لەسەر بنەمای ئەو داتایانەوە، پێشبینی خۆی لەسەر شێوەی مۆدێلی پێشكەوتووی نەخشەی كەش و ئاوو هەوایی پێشكەش دەكات، بەمەش تواناكانی پسپۆڕانی بەشی پێشبینیمان زۆر زیاترو فراوانترو وردتر دەكات لەبارەی پێشبینیكردنی دیاردەكانی كەش و ئاوو هەوا بە گشتی، بە تایبەتیش دیاردە مەترسیدارەكان و هەروەها چاكتركردنی وردەكاریی جوگرافیی بۆ شوێنی مەبەست لەسەر ئاستی نێوخۆیی وڵاتەكەمان، بەمەش دەتوانین بەشێوەیەكی زۆر باشتر لە جاران درك بە مەترسییەكانی كەش و هەوای ناوچەكەمان بكەین، چونكە لە كۆتاییدا ئەو كۆمپیوتەرە مامەڵە لەگەڵ مۆدێلی زۆر پێشكەوتووی لێكۆڵینەوەكانی جیهانیی دەكات كە لەسەر ئاستی مەغریبدا سوودێكی یەگجار زۆری دەبێت لەسەر بوارە جیاجیاكانی وەك ئابووری و كۆمەڵایەتی". 
لەلایەكی دیكەوە، (سەعید شوكری) پسپۆڕ لە بوارەكانی ژینگەو گۆڕانە ئاو و هەواییەكان، دەربارەی ئەم ئامێرە پێشكەوتووەی كەشناسیی لە (مەغریب) دەڵێ:"راستە ئێمە ناتوانین رێگە لەو دیاردە كەش و هەواییە مەترسیدارانە بگرین، بەڵام لە رێگەی ئامێرو سیستەمێكی ئاوا پێشكەوتوودا لایەنی كەم دەتوانین پێشبینییەكی زۆر پێشكەوتوو بۆ ئەو دیاردانە بكەین تاوەكو پێشوەختە خۆمان و دەزگا پەیوەندیدارەكان لە ئامادەباشیدا بین لە پێناو كەمتر كردنەوەی زەرەرو زیانە گیانی و مادییەكان". 
ژێده‌ر - كه‌شناسی هه‌رێم

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.