Erbil 38°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 14:31

دادگای باڵای فیدراڵیی لە عێراق ژمارەیەک تانەی حکوومەتی لە یاسای بوودجەی گشتیی پەسەند کرد

کوردستان TV
100%

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، شەش تانەی حکوومەت کە لەسەر ژمارەیەک برگەی نێو یاسای بوودجەی گشتیی پێشکەشی کردبوو، پەسەند کرد.

ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دانیشتنی خۆی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو تانانەی کە حکوومەت لە ژمارەیەک ماددەی نێو یاسای بوودجەی گشتیی 2021 پێشکەشی کردووە، ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە میانی دانیشتنەکەدا، دادگای باڵای فیدراڵیی تانەی حکوومەتی بۆ زیادکردنی دەرماڵە بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی گرێبەست وەک لە ماددەی 50/أ دا ھاتووە، پەسەندکردووە.

باسی لەوەشکردووە کە دادگا، ھەروەھا تانەی حکوومەتی لەبارەی رەتکردنەوەی سەپاندنی باج بەڕێژەی 15 لەسەدا لەسەر سووتەمەنی پەسەندکردووە و پەسەندکردنی تانەی حکوومەت لەبارەی خەرجی گەڕان و چاودێرکردنی مۆڵەتە پێدراوەکان بەسەر کێڵگە نەوتییەکاندا.

ئاژانسی ناوبراو ئاماژەی بەوەیش داوە کە دادگا تانەی حکوومەتی لەبارەی رەتکردنەوەی چاودێریی لیژنەی دارایی لەسەر دابەشکردنی پڕۆژەکان لە پارێزگاکان، پەسەندکردووە و راشیگەیاندووە کە دادگا، تانەی حکوومەتی لەبارەی رەتکردنەوەی دامەزراندنی سندوقەکانی پترۆدۆلار لە پارێزگاکان پەسەندکردووە و رایگەیاندووە کە ئەو پرسە لە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵییدایە.

باسی لەوەشکردووە کە دادگای باڵای فیدراڵیی لەبەرامبەردا، چوار تانەی حکوومەتی رەت کردووەتەوە و روونی کردووەتەوە کە دادگای ناوبراو، تانەی حکوومەتی لەبارەی نادەستوورییەتی بەرزکردنەوەی نرخی گەنم و جۆ رەتکردووەتەوە و ئەو پرسەی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بە دەستووریی لە قەڵەم داوە.

ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق زانیاری زیاتری لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو بە تایبەتیش لەبارەی رەتکردنەوەی تانەکانی حکوومەت لەبارەی سێ برگەکەی دیکەی نێو یاسای بوودجەی گشتیی.

لە ماوەکانی رابردوودا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی تانەی لە ژمارەیەک ماددەی نێو یاسای بوودجەی گشتیی 2021 پێشکەش بە دادگای فیدراڵیی کردبوو.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.