Erbil 38°C دووشەممە 11 تشرینی دووەم 04:06

ئوردن دەروازەی سنووریی جابری لەگەڵ سووریا کردەوە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئوردن دەروازەی سنووریی جابر-ی لەگەڵ سووریا کردەوە کە ماوەی 60 رۆژ بوو بەھۆی پێشھاتە ئەمنییەکانی سووریاوە، داخرابوو.

 لەگەڵ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکە لە کاتەکانی بەیانیدا، جەنجاڵی لە ھەردوو ئاراستەی دەروازەکەدا دروست بوو و دەیان ئۆتۆمبێل بە دەروازەکەدا، تێپەڕیوون.

ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممەی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی ئوردن لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی خێرای پەیوەندییەکانی نێوان عەممان و دیمەشقدا، بڕیاریدابوو بە کردنەوەی دەروازەی سنووریی جابر.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی ئوردن رایگەیاندبوو، دەروازە سنوورییەکە بەپێی گرتنەبەری رێوشوێنە ئەمنی و تەندروستییەکان، لەبەردەم جموجۆڵی بازرگانیی و گەشتیارییدا دووبارە دەکرێتەوە.

ئوردن لە 31ی تەمووزی رابردوو، دەروازەی سنووریی جابر-ی بەھۆی پێشھاتە ئەمنییەکانی سووریاوە وەک ئاماژەیەک بۆ شەڕ و پێکدادانی نێوان ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و ھێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد لە پارێزگای دەرعا داخستبوو.

ئوردن و سووریا، دوو دەروازەی سنووریی سەرەکیی پێکەوە دەیان بەستێتەوە ئەوانیش (رمسا) و (جابر)ن.

بەر لەوەی قەیرانی سووریا لە ساڵی 20111دا سەر ھەڵبدات لە ھەردوو دەروازە سنوورییەکەوە، جموجۆڵی بازرگانیی و گەشتیاریی لەنێوان ئوردن و سووریا بەردەوامبوو، بەڵام لە ساڵی 2015وە دەروازەی رمسا لەنێوان ھەردوو وڵاتدا داخراوە، ئەوەیش دوای ئەوەی ژێرخانی دەروازەکە لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆی سووریا، وێرانبوو.

پێشتریش دەروازەی جابر بۆ ماوەی سێ ساڵ لەنێوان ئوردن و سووریا داخرابوو، بەڵام لە تشرینی یەکەمی 2018دا کرابوویەوە.

لە ئابی 2020دا، ئوردن جارێکی دیکە دەروازە سنوورییەکەی بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، داخست و دواتر بەشێوەیەکی سنووردار کردبوویەوە کە رۆژانە 150 کەس دەیان توانی لە دەروازەکە ھاتوچۆ بکەن.

لە 10 رۆژی دواییدا، پەیوەندییەکانی ئوردن و سووریا بەشێوەیەکی خێرا و بەرچاوە روویان لە ئاساییکردنەوەی کردووە کە لە میانیدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی فەرمی لەنێوان بەرپرسانی ھەردوو وڵات ئەنجامدراون.

لە گرنگترین ئەو دیدار و کۆبوونەوانە، دیداری فەرماندەی سوپای ئوردن، یوسف حنێتی لەگەڵ وەزیری بەرگریی رژێمی سووریا، عەلی ئەیوب بوو کە لە 19ی ئەم مانگە لە عەممان بەڕێوەچوو، دوای ئەوەیش دیداری وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی و وەزیری دەرەوەی رژێمی سووریا، فەیسەڵ میقداد کە رۆژی چوارشەممەی ھەفتەی رابردوو لە نیویۆرک ئەنجامدرا، هەروەها تا ئێستا چوار وەزیری رژێمی سووریا سەردانی ئوردن-یان کردووە.

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.