کاتژمێر 11ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشهم لەسەر ڕێگای هەولێر-بەحرکە پێکدادانێک ڕووی دا لەنێوان دوو ئۆتۆمبێڵی تۆیۆتای تایبەت کە دەرئەنجامەکەی بە وەرگەڕانی یەکێکیان و چوون بۆسایدەکەی تری شەقامی ئەوی تریان کۆتایی هات.
ڕاگهیاندنی هاتوچۆی ههولێر بڵاوی كردهوه: له ڕووداوهكهدا زیانی گیانی نەبوو، بەڵام زیانێکی زۆری ماددی هەبووه.
فازڵ حاجی بهڕێوهبهری ڕاگهیاندنی هاتوچۆی ههولێر ئاشكرای كرد: کاتێک ئەفسەرانی هاتووچۆ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوە، دەرکەوت کە یەکێک لە ئۆتۆمبێڵەکان لە ناکاو شکاندوویەتییە سەرئەوی تر کە لە تەنیشتییەوە ڕۆیشتووە و پێکدادانەکە دروست بووە.
ڕاشیگهیاند: ئهو ئۆتۆمبێڵەی شکانرابووه سهری وەرگەڕاوە، کە لە شوفێرەکەی تریان پرسی بۆچی شکاندووهتە سەر ئۆتۆمبێڵەکەی تەنیشتییهوه، وەڵامێکی زۆر سەیر درایەوە ئەویش ئەوەبوو كه شوفێرەکە گوتبووی "ویستم بەسەر تاسە پلاستیکییەکە نەکەوم لەو ڕێڕەوەی لەسەری دەڕۆیشتم و بینیم لە شوێنێک تاسەکە شکاوە ویستم لەوێ ڕەتبم و نەمزانی کە سەیارەیەک لە تەنیشتم هەیە".
بهڕێوهبهری ڕاگهیاندنی هاتوچۆی ههولێر ڕایگهیاند: سەیرەکە لێرە ئەوەیە بە داخەوە شوفێری ئێمە هەندێکیان درزی تاسەیەک دەبینن کەچی ئۆتۆمبێڵێکی گەورە نابینن كه لە تەنیشت یان لە پێشیانهوهیه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.