Erbil 38°C سێشەممە 18 ئاب 13:52

ئەنجوومەنی وەزیران (ستراتیجی نیشتمانیی دەستەی دەستپاکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان) پەسەند کرد

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەم، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە.


لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا, پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕەشنووسی (پەیڕەوی ئەنجوومەنی باڵای ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە هەرێمی کوردستان) خستەڕوو. 

ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگی ئامادەبووان پەیڕەوەکەی پەسەند کرد, ئامانج لەم پەیڕەوە دەستنیشانکردنی پێکهاتە و ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی وەزارەتە لە ناویشیاندا باشتر بەڕێوەبردنی موڵکە وەقفییەکان و وەبەرهێنانیان و بەرەوپێشبردنیانە، بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی داهاتی موڵکە وەقفییەکان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پاراستنی بەرژەوەنديی گشتی و بەکارهێنانەوەی داهاتیان بۆ ئەو مەبەستە خێرخوازییانەی کە موڵکەکانیان لە پێناودا وەقف کراوە.

لە بڕگەی دووەمدا، ڕەشنووسی (پڕۆژەیاسای چەک لە هەرێمی کوردستان) لەلایەن وەزیری ناوخۆ ڕێبەر ئەحمەد خرایەڕوو کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی کڕین و فرۆشتن و هەڵگرتن ومامەڵەکردنە بە چەک. 

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەندین تێبینی، پڕۆژە یاساکە بە لەبەرچاوگرتنی سەرنج و تێبنییەکان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە کۆی دەنگی ئامادەبووان پەسەند کرا کە بایەخی زۆری دەبێت لە ڕووی ڕێکخستنەوەی هەڵگرتن و مامەڵەکردن بە چەک و نوێکردنەوە و توندکردنی مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک بە تایبەتیش کە یاسای ئێستای چەک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1993 و ناگونجێت لەگەڵ پەرەسەندنەکانی ئێستا و سنووردارکردنی زیادبوونی دیاردەی چەکداریی و حاڵەتەکانی تاوان.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە خستنەڕووی (پڕۆژەی ستراتیجی نیشتمانی دەستەی دەستپاکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان 2021-2025 ) کە لەلایەن ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان خرایەڕوو کە پلانێکی گشتگیری دەسەڵات و دامەزراوە تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستانە لە پێناو حکومڕانییەکی باشتر و شەفافتر بە ئاراستەی ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتیی و ڕێگەگرتن لە گەندەڵی کە یەکێکە لە بڕگە سەرەکییەکانی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری دەستەی دەستپاکی ستراتیجییەکەی پەسەند کرد، دواتر دەستەی دەستپاکیی لە هەرێمی کوردستان میکانیزم و شێوازی جێبەجێکردنی بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەسەڵات و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، دیاری دەکات بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی.

بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، خستنەڕووی ڕاسپاردەی دامەزراندنی ئەنجوومەنێک بوو بە ناوی (ئەنجوومەنی متمانەبەخشین بە ناوەندەکان و پرۆگرامەکانی خوێندن لە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان) کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو.

ئامانج لە دامەزراندنی ئەنجوومەنەکە، دانانی ستانداردی گونجاوە بۆ چەسپاندنی متمانەبەخشین بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ستانداردی نێودەوڵەتی و دەستەبەری نایابی ئەکادیمی و ئاکامەکانی پڕۆسەی خوێندن و فێرکردن، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هێڵە گشتییەکانی دامەزراندنی ئەنجوومەنەکە ئامادە بکەن تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و دواتر پەسەند بکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.