مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد، لە دوای ساڵی 2003وە، ئەمە یەکهم جارە ھەڵبژاردنێک ئەنجام دەدرێت کە سەرۆکوەزیران تیایدا خۆی کاندید نەکردووە.
نووسینگەی رایگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە كه مستەفا کازمی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی کۆمیسیۆن و لیژنەی باڵای ئەمنی ھەڵبژاردنەکان و کۆبووەتەوە و رایگەیاندووه، سازکردنی کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە کە یەک ھەفتە ماوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت کە لە میانیدا ئەرکێکی نائاسایی بە ھێزە ئەمنییەکان راسپێردراوە، ئەوەیش پاراستنی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدانە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، كازمی به ھێزە ئەمنییەکانی گوتووه: "ھەموو عێراق گرهوی لەسەر سووربوونی ئێوە کردووە لەبارەی دەستەبەرکردنی پاک و بێگەردی پرۆسەی ھەڵبژاردن و پاراستنی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان".
باس لەوەشکراوە، ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سهرۆكوهزیران ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە گەلی عێراق بە دەست گەندەڵی، گەندەڵکاران و ساختەکاریی لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا ناڵاندوویەتی و رایگهیاندووه: "ئێستا کاتی ئەوە ھاتووه، عێراقییەکان لەرێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە و دوور لە دەستی ساختەکاران، متمانەیان بە دەوڵەتی خۆیان زیاتر بێت".
مستەفا کازمی ھەروەھا بۆ ھێزە ئەمنییەکان گوتوویەتی: "18 پارێزگا له عێراق لە یەک رۆژدا دەنگ دەدەن، ئەوەیش پێویستی بە ھەوڵی زۆری ئێوەیە بە تایبەتیش ئەوەی کە پەیوەستە بە لایەنی ئەمنی و پاراستنی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان".
مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە ساڵی 2003وە ئەمە یەکەمجارە ھەڵبژاردنێک ئەنجام دەدرێت کە سەرۆکوەزیران تیایدا خۆی کاندید نەکردووە، واتا ھیچ فشارێک لەسەر کۆمیسیۆن نییە و گوتی: "خۆم سەرپەرشتیی لیژنەی باڵای ئەمنی ھەڵبژاردنەکانم کردووە، ھەروەھا دەبێت ھەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە ئەنجام بدرێت کە متمانە بە سستمی سیاسی بگێرێتەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.