حکوومەتی عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای "ئەبو زەبی بۆ وزەی داهاتوو" بۆ دروستکردنی پێنج وێستگەی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی دوو هەزار مێگاوات لە کارەبا، واژوو كرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقهوه بڵاو کراوەتەوە، لە رێوڕەسمێکدا کە بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی و وەزیری وزەی ئیمارات، سوهەیل بن محەمەد مەزروعی و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق، سوها داود نەجار و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەبو زەبی بۆ وزەی داهاتوو، محەمەد جەمیل رەمیحی بەڕێوەچوو، گرێبەستی دروستکردنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا له وزەی خۆر لەنێوان عێراق و ئیمارات واژوو کرا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە گرێبەستی دروستکردنی پێنج وێستگە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر لەنێوان وەزارەتی کارەبا و دستەی وەبەرهێنان لە لایەنی عێراق و کۆمپانیای ئەبو زەبی بۆ وزە لە لایەنی ئیماراتی، واژوو کرا.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا بەرهەمهێنانی کارەبا بە هەزار مێگاوات دەبێت لە کۆی دوو هەزار مێگاوات.
ئەوەش روونکراوەتەوە کە قۆناغی یەکەم قۆناغی کردارییە کە حکوومەت دەیگرێتە بەر بۆ سوود وەرگرتن لە وزەی جێگرەوە و خاوێن و نوێ لە بەرهەمهێنانی کارەبا.
بەگوتەی بەرپرسانی کەرتی کارەبا، لە ئێستا رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق19 هەزار مێگاواتە، لە کاتێکدا خواست لەسەر کارەبا لە وڵاتەکە زیاترە لە 30 هەزار مێگاوات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.