راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، جهیك سهڵیڤان و بەڕێوەبەری نووسینگەی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی ناوەندیی پارتی کۆمۆنیستی چین، یانگ سیچی، لە شاری زیورخی سویسرا کۆبوونەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نیوان ھەردوو وڵاتیان کرد.
لەو راگەیەندراوەی کە لە کۆشکی سپییەوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکی چین، شی جینپینگ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ٩ی ئەیلوولی نێوانیاندا ھاوڕابوون لەسەر "بە کراوەیی ھێشتنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی"، ئەمرۆ سهڵیڤان و یانگ لە شاری زیورخی سویسرا، کۆبوونەوە.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ئەو بوارانەی خستووەتەڕوو کە ئەمریکا و چین دەتوانن پێکەوە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی دەرەوەی وڵاتەکان و بابەتی مەترسییەکانی سەر پەیوەندی دوو قۆڵی، کاری لەسەر بکەن.
ئەوەش راگەیەندراوه، کە جهیك سهڵیڤان، باسی لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر چالاکییەکانی چین لە بابەتەکانی، مافەکانی مرۆڤ، ناوچەی ئۆتۆمی سنجان ئویگور، ھۆنگ کۆنگ، دەریای باشووری چین و تایوان، کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ههروهها ھاتووە: سهڵیڤان ئاماژەی بەوەش کردووە کە بۆ رکابەرییەکی بەرپرسیارانە بەردەوام دەبين لە گفتوگۆ لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ چین، لەگەڵ ئەوەدا بەردەوام دەبین لەسەر وەبەرھێنان بە هێزى نیشتمانیمان و کار لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان دەكەين.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.