Erbil 38°C یەکشەممە 16 ئاب 12:05

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پرۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێری بەسەرکردەوە

لەم بەشەی شەقامی 150 مەتریدا 350 ئامێر و ڕۆژانەش 900 دەستیكاری خۆماڵی كار دەكەن
کوردستان TV
100%

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئۆكتۆبەری2021 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و شاندێكی فراوانی دامەزراوەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی، سەردانی پرۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێری كرد و لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكانی بەشی دووەم لە قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە كرد و پاشان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا زانیاری لەسەر پرۆژەكە خستەڕوو.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ میدیاكان گوتی: ئەو سەردانەمان بۆسەر پرۆژەی 150 مەتریی هەولێر لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بە مەبەستی بەدواداچوونی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی بەشی دووەم لە قۆناغی یەكەم، لەبارەی بەردەوامی و جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش وێڕای قەیرانی دارایی.

ساسان عەونی گوتیشی: بەرنامەی سەرۆكی حكوومەت مەسرور بارزانی و كابینەی نۆیەمی حكوومەت هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە هاووڵاتیان چەقی بایەخدان و خزمەتگوزارییەكانن، ئێمە هاووڵاتییانی كوردستان بە شایەنی باشترین خزمەتكردن دەزانین، بۆیە سەرەڕای ئەو قەیرانە دارایی و پەتا و نەخۆشی و گەمارۆیەی بەغدا لەسەر هەرێمی كوردستانی دانا و مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستانی خەرج نەكرد، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەو و ڕۆژ لە كاركردن بەردەوامە و خزمەتگوزارییەكانیش نەوەستاون، بەڵكوو بە ڕێكخستنەوەی داهاتەكان توانیومانە خزمەتی هاووڵاتییان بكەین كە لە سەرجەم شار و شارۆچەكانی هەرێمی كوردستان پرۆژەكان بەردەوامن.

لەبارەی پرۆژەی شەقامی 150 مەتری بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن گوتیشی: پرۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر بە سوپاسەوە لەلایەن كۆمپانیای هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەكرێت كە توانای جێبەجێكردنی پرۆژە ستراتیژییە گەورەكانی هەیە. سەبارەت بە وادەی تەواوبوونی ئەو بەشەی پرۆژەكەش گوتی: بە گوێرەی گرێبەست بێت، دەبێ لە مانگی 12ی ساڵی داهاتوودا تەواو بكرێت، بەڵام كۆمپانیای هێمن گرووپ لەپێش وادەی خۆیاندا بەو توانا زۆرەی سەرفی دەكەن، پێموایە ئەو بەشە تەواو دەكەن، چونكە ئێستا كاری خۆڵكاریان تەواوكردووە و كاری كۆنكرێت دەستیپێكردووە، بۆیە پێشبینی دەكەین لە هەفتەی داهاتوودا كاری قیڕیش دەستپێبكات، هیوادارین لەپێش وادەی خۆیدا پرۆژەكە تەواو بكرێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار زانیاری لەبارەی ئەو بەشەی شەقامەكە خستەڕوو و ڕایگەیاند: ئەو بەشەی پرۆژەی شەقامی 150مەتری، دڕێژییەكەی زیاتر لە حەوت كلیۆمەترە كە چوار بەرزەپرد لەخۆدەگرێت و بە درێژایی شەقامەكەش ئاوەڕۆی هەیە، لەگەڵ دوازدە كەلڤەرت بۆكس و پاناییەكەشی درێژكراوەی شەقامەكەیە كە پانی هەر لایەكی شەقامەكان 19 مەتر و نیون و هەروەها شەقامی دووسایدی خزمەتگوزاریش لەخۆدەگرێ كە پانییەكەی شەش مەترە و 350 ئامێر كاری تێدا دەكەن و ڕۆژانەش 900 دەستیكاری خۆماڵی كاری تێدا دەكەن و تا ئێستا كارێكی زۆر باشی تێدا كراوە، پێویستە ئاماژە بەوەش بكەم كە ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەكی ژێرخانی زۆر گەورەی دەیان ساڵی داهاتووی هەرێمی كوردستانە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەخت دەكاتەوە لە بەردەوامی پرۆژەكان و لەمبارەیەوە گوتی: لەم سەردانەماندا دووپاتی دەكەینەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ناخۆشترین بارودۆخ و قەیرانەكاندا ڕژدە لەسەر جێبەجێكردنی پرۆژەكان و خزمەتكردنی هاووڵاتییان و ئاوەدانكردنەوەی هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان. سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەكە و بە تایبەتی ئەو بەشەی شەقامەكە، ڕایگەیاند: گرنگیی ئەو پارچەیەی شەقامەكە لە كاتی تەواوبوونیدا شەقامی كۆیە بە شەقامی دهۆك دەبەستێتەوە، واتە بەستانەوەی دهۆك بە شەقامی شەقڵاوە-حاجی ئۆمەران و بەستانەوەی بە كۆیە و سلێمانی، ئەمەش كاریگەری لەسەر ئاسانكاری هاتوچۆی هاوڵاتییان لە شاری هەولێر و ئەو كۆمەڵگە نیشتەجێیانەی لە نزیك ئەو شەقامەوەن دەبێت.

لە وەڵامی پرسیارێكی ڕۆژنامەنووساندا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: بە تەواوبوونی ئەو شەقامە لۆدێكی زۆر لەسەر شەقامەكانی دیكەی شاری هەولێر نامێنێ و لە پلانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێریشدایە كە هەموو ئەو شەقامە تیشكیانەی كە شەقامی 150 مەتری بە شەقامی 120 مەتری و شەقامەكانی تر دەبەستێتەوە لە وادەی خۆیدا جێبەجێ بكرێت، چونكە ڕوئیای سەرۆكی حكوومەت و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوشان لەگەڵ كەرتی خۆماڵیدا بتوانین كارەكان جێبەجێ بكەین.

7

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.