ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دەست لەکارکێشانەوەی نوێنەری تایبەتی وڵاتەکەی بۆ ئەفغانستان، زاڵمای خەلیلزاد و دانانی جێگرەکەی تۆماس وێست بۆ شوێنەکەی راگەیاند.
لەو بارەیەوە ئەنتۆنی بلینکن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە ''نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان، زاڵمای خەلیلزاد پۆستەکەی جێدەهێڵێت. سوپاسی دەکەم کە دەیان ساڵ خزمەتی خەڵکی ئەمریکای کرد. تۆماس وێست کە پێشتر وەک جێگری نوێنەری تایبەتی کاری کردووە، دەبێتە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان''.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها باسی لەوە کرد، کاتێک سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، جۆ بایدن جێگری سەرۆک بووە، تۆماس وێست لە تیمی ئاسایشی نیشتمانییدا کاری کردووە، لەبەرئەوە رابەرایەتی دەکات لە هەوڵە دیپلۆماسیەکان لەبارەی ئەفغانستان و رایگەیاند ''نوێنەری تایبەت تۆماس وێست، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەڕێوە دەبات. ئامۆژگاری وەزیر و جێگری وەزیر دەکات لە نووسینگەی کاروباری باشوور و ناوەڕاستی ئاسیا''.
زاڵمای خەلیلزاد کە لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کرایە نوێنەری تایبەتی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری ئەفغانستان، رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دانوستانەکانی ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.