ئافرهتێكی گەنج لەگەڵ منداڵە چوارساڵانەکهی لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە سنووری مێهران_ی سەر بە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراون و هیچ زانیارییەک لە سەر دۆسیەکەیان و هەروەها هۆکاری دەستبەسەر کرانیان لە بەر دەستدا نییە.
رێكخراوی ههنگاو بۆ مافهكانی مرۆڤ بڵاویكردهوه، دوای تێپەڕینی نزیک بە یەک مانگ لە دەستبەسەر کرانی ژنێک بە ناوی میترا تەقی پوور، تەمەن 40 ساڵ و منداڵە چوار ساڵانەکەی بە ناوی مێهرسام رەسووڵی لە سنووری مێهران، چارەنووسیان نادیارە.
میترا تەقی پوور، بڕوانامەی ماستەری زمان و وێژەی فارسی هەیە و دانیشتووی ئیسفەهانە کە رۆژی هەینی 24ی ئهیلولی 2021، لە کاتی گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستان لە سنووری مێهران_ی سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە.
یەکێک لە نزیکانی ئەوئافرهته به ههنگاوی رایگهیاندووه: میترا و منداڵەکەی بۆ ماوەی ههشت رۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام لێپرسینەوەیان لێکراوە و شەوانە رەوانەی بەندیخانەی ئیلام کراون.
ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام لە رێگای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بنەماڵەی تەقی پووری لە دەستبەسەر کرانی کچەکەیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام کاتێک بنەماڵەکەی سەردانی ئیلامیان کردووە پێیان راگەیاندووە کە میترا تەقی پوور و منداڵەکەی ههشت رۆژ لێرە بوون و دواتر رادەستی ئیتلاعاتی ئیسفەهان کراون.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا رایدهگهێنێت: میترا تەقی پوور و منداڵە چوارساڵانەکەی دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە 4ی تشرینی یهكهمی 2021، رادەستی ئیتلاعاتی ئیسفەهان کراون چارەنووس و شوێنی راگیرانیان نادیارە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەكهی.
بنەماڵەی میترا و هەروەها بنەماڵەی هاوژینەکەی لەو ماوەیەدا چەندین جار داوایان کردووە کە منداڵە چوارساڵەکەی میترا رادەستی ئەوان بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ناوەندێک لەوبارەوە وهڵامیانی نەداوەتەوە.
رێكخراوی هەنگاو بۆ مافهكانی مرۆڤ وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی بە نیسبەت بارودۆخی ئەم دایک و منداڵە، داواکاری گشتی و بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسفەهان بە بەرپرسی راستەوخۆی پاراستنی گیانی ئەوان دەزانێت و داوا دەکات هەرچی زووتر لە سەر دۆخی ئەو دایک و منداڵە بێنه وهڵام.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.