پاریزگاری هەولێر و وەزیری کشتوکاڵ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تاوتووێی نرخی هێلکە و گرفت و کێشەکانى پڕۆژە پەلەوەرییەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە لە سنووری پارێزگای هەولێر کرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2021، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا پێشوازی لە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد و تێیدا تاوتووێی گیروگرفتی جوتیاران و کێشەی نرخی بەرهەمە پەلەوەرییەکان لە پارێزگای هەولێر کرا.
پارێزگای هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، لەکۆبوونەوەیەکدا کە هەریەک لە ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار و سەرۆکى لێژنەى کشتوکاڵى پارێزگاى هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەندى هەولێر و هێمن سەید موراد، بەرێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى هەولێر و بەڕێوەبەرى سامانى ئاژەڵى و ئەندامانى لێژنەى کشتوکاڵى پارێزگاى هەولێر و بەشێک لە ڕاوێژکارانى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئامادەبوون، تیشک خرایە سەر گیروگرفتی جووتیاران و بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانیان و چارەسەركردنی كێشە و گرفتهكانیان و كارئاسانى بۆیان، بۆ ئهم پرسهش کۆمەڵێک پێشنیاز و رێگاچارە لهلایهن ههردوولا خرایه ڕوو و هەردوولا هاوڕابوون لهسهر دۆزینەوە ڕێگاچارهیهكى گونجاو بۆ خزمەتكردنی زیاترى جوتیاران و خاوەنكارانی كەرتی كشتوكاڵ.
هەروەها ڕاشیگەیاند، لەتەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتووگۆ لەبارەى نرخی هێلکە و گرفت و کێشەکانى پڕۆژە پەلەوەرییەکانی بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن لە سنووری پارێزگای هەولێر کرا و دوابەدوای خستنەڕووی کێشەکان و هەڵسەنگاندنی داواکاریی خاوەن پڕۆژە پەلەوەریەکانی بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن و گوێگرتن لەسەرنج و تێبینیەکانى لێژنەى کشتوکاڵى پارێزگاى هەولێر، بڕیاردرا بە داڕشتنى میکانیزمێکی گونجاو کە ڕەچاوی بەرژەوەندی خاوەن پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن و بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتیان بکرێت و بە کوالێتییەکی باش و بە نرخێکی هاوسەنگ بخرێتە بازاڕ.
لەو بارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر جەختیکردەوە وەکو پارێزگاى هەولێر هەرچی لەتوانادابێت لە ئاسانکاری بۆ جوتیاران و خاوەن کێڵگەکان و هەموو لایەنە کشتوکاڵییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە ئاسانکاری دەکات و هەوڵییان لەگەڵ دەدات بۆ ئەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی خۆماڵى هەمیشە و بە بەردەوام لە گەشەسەندابێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.