لەچوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازی لیوای یەکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە مووچەکانیان بە شێوازی چەکی بانکی وەرگرت.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 21ـی تشرینی یەکەمی 2021، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە بە سەرپەرشتی عەمید توانا سدیق بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری سەربازی، بە هەماهەنگی لەگەڵ عەمیدی ئەندازیار نەبەز سەلاح بەڕێوەبەری چاکسازی، بەئامادەبوونی کۆڵۆنێڵ پاوڵ ڤۆس ڕاوێژکاری سەربازی وڵاتی هۆڵەندا و تیمی بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەی پێشمەرگە کۆبوونەوەیەکییان ئەنجامدا و بڕیاردرا ، لەم مانگەوە لیوای یەکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە مووچەکانیان بە شێوازی چەکی بانکی وەربگرن، لەداهاتووشدا لیواکانی دیکەی وەزارەت بە هەمان شێوازی چەکی بانکی مووچەکانیان وەردەگرن.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت: لە کۆبوونەوەکەدا، بە ئەنجام گەیشتنی قۆناغێکی نوێی پرۆژەی چاکسازی ڕاگەیەندرا، لەم مانگەوە لیوای یەکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە مووچەکانییان بە شێوازی چەکی بانکی وەردەگرن، لەداهاتووشدا لیواکانی دیکەی وەزارەت بە هەمان شێوازی چەکی بانکی مووچەکانیان وەردەگرن.
هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەربازی و بەپاڵپشتی راوێژکارانی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان پرۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچە بەڕێوەدەبرێت.
هەروەها ڕاشیگەیاندووە، پرۆسەی بەچەککردنی مووچە یەکێکە لە قۆناغە گرنگەکانی ئەم پرۆژەیە کە تاوەکو ئێستا لە یەکە ئیداریەکانی وەزارەتی پێشمەرگە جێ بەجێکراوە، لەم قۆناغەدا لیوای یەک داخڵی ئەم سیستەمە بووە و سەرجەم ئامادەکارییەکانی پێویست بۆ ئەم پرۆژەیە لەڕووی رێکخستننی کارەکان وهەماهەنگیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ بانکەکان ، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەربازی رێکخراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.