هێزەکانی هاوپەیمانان هاوکاری پزیشکی بەسەر 8 لیوای پێشمەرگە دابەش دەکەن و بڕیارە لەهەفتەی داهاتوودا هەمان هاوکاری بەسەر گشت لیواکانی دیکەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دابەشبکرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2021، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێێدا هاتووە، بەسەرپەرشتی هێزی هاوپەیمانان و ئامادەبوونی هەریەک لە ڕزگارعەلی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پزیشکی گشتی وعەمید کاروان بەڕێوەبەری کۆگاکانی بەڕێوەبەرایەتی میرەی گشتی و عەقید مونیر ئەحمەد، ڕێوڕەسمێک بۆ دابەشکردنی هاوکاری تەندروستی بەسەر لیواکاندا رێکخرا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی هاوپەیمانان، هاوکاری پزیشکیان، بەسەر 8 لیوای وەزارەتی پێشمەرگەدا دابەش کرد، هاوکارییەکان پێکهاتبوون لە چەند جۆرێک جانتای فریاگوزاری بە شێوە و قەبارەی جیاواز، کە پێشمەرگەکان و یەکەکانی پزیشکی لیواکان، دەتوانن لە کاتی شەڕ و هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا سوود لە کەلوپەلەکانی ناو ئەم جانتایانە وەرگرن، هەروەها هاوکارییەکان چەند پێداویستیەکی دیکەی پزیشکی لەخۆدەگرێت، لەوانەش نەقالەی گواستنەوەی برینداران و جانتای کۆڵەپشتی فریاگوزاری سەرەتایی بەهەموو کەلوپەلێکی پێویستی پزیشکیەوە، بۆ ئەو شوێنانەی ئەمبۆلانسی پێ ناگات.
هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ئەم هاوکارییانەی کە پێشکەش بەم هەشت لیوایە کراوە، بەشی یەکەمی کۆمەک و هاوکارییە تەندروستییەکانە بۆ لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانانەوە، بڕیاریش وایە لەهەفتەی داهاتوودا هەمان هاوکاری بەسەر گشت لیواکانی دیکەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دابەش بکرێت، ڕاشیگەیاندووە: بۆ ئەم مەبەستە هاوپەیمانان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پزیشکی گشتی و بەڕێوەبەرایەتی میرەی گشتی، لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا، هەر پێداویستیەک و کەموکوڕیەک لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا هەبێت، بۆیان دابین بکرێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەش دەکات کە لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا هاوپەیمانان ئەو ئازایەتییەی هێزەکانی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند کە لە بەرامبەر تێکشکاندنی تیرۆرستانی داعش ئەنجامیان دا و بەقارەمانێتیەکی بێ وێنەیان پێناسە کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.