Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 09:04

رەئیسی داوای له‌به‌رپرسانی ئێران کرد ھەنگاوی پێویست بنێن بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشە ئه‌لیکترۆنییه‌کان

کوردستان TV
100%

ئیبراھیم رەئیسی، سەرکۆماری ئێران، ئاماژەی بەوە کرد کە ھێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر سستەمی بەنزین "نە یەکەمە و نە کۆتایییە" و داوای لە بەرپرسان کرد ئامادەی ئەو جۆرە ھێرشانە بن.

رەئیسی دوای درووستبوونی کێشە لە سستەمی دابەشکردنی بەنزین لە وڵاتەکەی بەھۆی ھێرشێکی ئەلیکترۆنییەوە، بە سەردانێکی "لە ناکاودا" گەیشتە بارەگای وەزارەتی نەوت و لەوێوە لێدوانی دا.

ئیبراھیم رەئیسی ئەوەی ئاشکرا کرد کە بۆ ئەوەی خەڵکی تووشی شڵەژان نەبن، ھەوڵی زۆریان داوە و گوتی: "ئەو ھێرشە ئەلیکترۆنییەی کە کراوەتە سەر سستەمی دابەشکردنی بەنزین، نە یەکەمە و نە کۆتایییە. دەبێت وەزارەتی نەوت و سەرجەم دامەزراوەکانی دیکە، ھەنگاوی پێویست بنێن بۆ بەرگرتن و بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکان. بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە پێمان گەیشتووە، دوژمن ئامانجی ئەوەیە کێشە لە وڵات دروست بکات و ناڕەزایەتی خەڵکی زیاد بکات".

دواتر سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی سەردانی بەنزینخانەیەکی شاری تارانی کرد و گفتوگۆی لەگەڵ خاوەن بەنزینخانەکە و شۆفێران لە بارەی ئەو کێشەیەوە کرد.

بەھۆی ھێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر سستەمی دابەشکردنی بەنزین لە سەرانسەری ئێران لە زۆربەی شوێنەکان، فرۆشتنی بەنزین وەستاو  ئۆتۆمبێلەکان سرەیەکی درێژیان بۆ بەدەستھێنانی بەنزین گرت.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.