سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، سێ گوللـە هاوەن ئاراستەی گوندی شۆک ریم کرا کە هۆزە سوننەنشینەکانی پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە تێیدا نیشتەجێن.
ئەفسەرێک لە پۆلیسی پارێزگای دیالە راگەیاند، سێ گوللـە هاوەن گوندی شۆک ریم سەربە قەزای میقدادییەی کردووهته ئامانج.
ئەم هێرشە بە دووەم هێرشی هاوشێوە دادەنرێت کە لە ماوەی 48 کاتژمێردا بکرێتە سەر گوندەکە، دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە بە ئاراستەکردنی گوللـە هاوەنێک هێرش کرایە سەر گوندەکە.
ئەفسەرەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتیشی: "هێرشەکە هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووهتەوە" و روونی کردەوە کە لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە دۆخی ئەمنی لە سەرانسەری قەزای میقدادییە گرژیی هەیە.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە رانەگەیاندووە و دەسەڵاتدارانی عێراقیش هیچ راگەیەندراوێکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی رەشاد سەربە قەزای میقدادییە دووەم گەورە شاری سەربە پارێزگای دیالە و لەو هێرشەدا 15 کەس کوژراون و 13 ی دیکە برینداربوون.
دوای ئەو هێرشە، سەدان چەکداری شیعە لە گوندی رەشادەوە هێرشیان کردە سەر خەڵکی گوندی "نەهر ئیمام" کە دانیشتووانەکەی سوننە مەزهەبن، ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بووە لە بەرامبەر کوژرانی منداڵ و کەسوکاریان لەلایەن داعشەوە. بەهۆی ئەو هێرشەوە هەشت کەس لەدانیشتووانی گوندی نەهر ئیمام کوژران و ئاگر لە خانوو و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان بەردرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.