له هه‌فته‌ی دوازده‌می خولی ئیسپانیا، كاتژمێر 10ی ئه‌مشه‌و به‌كاتی هه‌ولێر، یانه‌ی بارسێلۆنا میوانداری یانه‌ی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس ده‌كات.
ئه‌م یارییه‌ش ده‌بێته یه‌كه‌م یاری بارسا به‌سه‌رپه‌رشتی ڕاهێنه‌ری كاتی سێرجی بارخوان كه پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو له شوێنی ڕۆناڵد كۆمانی له‌كار لابراو مه‌شقی یانه‌كه‌ی وه‌رگرت و تا كاتی ده‌ستنیشانكردنی ڕاهێنه‌رێكی هه‌میشه‌یی بۆ تیپه‌كه له پۆسته‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، بارخوانی ته‌مه‌ن چل‌ونۆ ساڵ ڕاهێنه‌ری تیپی دووه‌می بلاوگڕانا بوو و بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ یاری ئه‌م شه‌و سه‌رپه‌رشتی یه‌كه‌ی ڕاهێنانی بارسای كرد.
له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا، بارخوان ڕایگه‌یاند كه بۆ هه‌ر ڕاهێنه‌رێك كارێكی سه‌خته بتوانێت له كاتێكی وه‌كو ئێستا ئه‌ركی ڕاهێنانی یانه‌یه‌ك وه‌ربگرێت.
گوتیشی، چه‌ند پێوه‌رێكمان بۆ یاری به‌رامبه‌ر ئالاڤێس داناوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی شێوازی یاریكردنی تیپه‌كه‌مان بگۆڕین، به‌ڵكو ته‌نها چه‌ند ڕێنماییه‌كی تاكتیكیم به یاریزانه‌كان داوه‌و پێم وایه به‌م ڕێنماییانه ده‌توانم هاوكاری یاریزانان بكه‌م له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌ی له ڕیزی یانه‌كه‌دا هه‌بووه.
سه‌باره‌ت به به‌شداریكردنی عوسمان دێمبلی له‌م یاریه، بارخوان ئاشكرای كرد كه دێمبلی به شێوه‌یه‌كی ئاسایی مه‌شقی كردووه‌و ده‌توانێت یاری بكات، به‌ڵام ئانسۆ فاتی هێشتا پێكانی چاك نه‌بۆته‌وه‌و له پێكهاته‌ی بارسا دابڕاوه.
بارسێلۆنا به بارودۆخێكی خراپ تێده‌په‌ڕێت و به كۆكردنه‌وه‌ی پازده خاڵ له پله‌ی نۆیه‌می ڕیزبه‌ندی یانه‌كان دایه‌و یاریه‌كی دواخراوی هه‌یه، ئالاڤێسیش به نۆ خاڵ له پله‌ی شازده‌می ڕیزبه‌ندی دێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.