کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە دووبارە دەرگای پێشکەشکردنی تانە و بەڵگەکان لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ماوەی سێ رۆژ کراوەتەوە و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی، ئەنجامی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست بۆ ئەو وێستگانەی کە تانەیان لێدراوە لەگەڵ ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی، ھاوتا بوون.
حەسەن سەلمان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە دووبارە دەرگای پێشکەشکردنی تانە و بەڵگەکان لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان، بۆ ماوەی سێ رۆژ، کراوەتەوە
حەسەن سەلمان ئاشکراشی کردووە، پێشتر زۆربەی لایەنەکان بەبێ بەڵگە، تانەکانیان پێشکەش کردووە و گوتی: "ھەر لایەنێک بەڵگەی نوێی ھەیە دەتوانێت لە میانی سێ رۆژدا، پێشکەشی بکات".
گوتیشی: " ئەنجامی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست بۆ ئەو وێستگانەی کە تانەیان لێدراوە لەگەڵ ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی، ھاوتا بوون".
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، هەروەها باسی لەوەش کردووە کە دوای یەکلایی کردنەوەی سەرجەم تانەکان، ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەرزدەکرێتەوە بۆ ئەوەی پێدا بچێتەوە و راشیگەیاندووە کە پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان لە دەسەڵاتی دادگای باڵای فیدراڵیی دایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.