Erbil 38°C سێشەممە 11 ئاب 23:13

پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر پاشماوەکانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور دەستپێکرد

کوردستان TV
100%

ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سنووری قەزای مەخموور دەست پێ کرد.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و ھێزەکانی میحوەری شەش سەربە ھێزەکانی پێشمەرگە، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەکانی دەورووبەری قەزای مەخموور دەست پێکردووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، پاڵپشتیی ئاسمانیی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، دابین کراوە.

ھەروەھا لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، راوەدوونانی تیرۆریستانی داعشە لە ناوچەکانی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی فیدراڵیی".

هاوكات وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێت: بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 6-11-2021 هێزەکانی میحوەری شەشی پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سەربازییان دەستپێکردووە.

ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی عێراقی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکانی کوشافی سەروو و کوشافی خواروو ئەنجام دەدرێت بۆ پاککردنەوە و رووماڵکردنی ئەم ناوچانە لە پاشماوەکانی داعش و تیرۆریستان کە دەکەونە سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌  ده‌شڵێت: ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامە و لە هەر پێشهاتێکی نوێ ئاگادارتان دەکەینەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.