بۆ یەکەمجار لە ئەمریکا حاڵەتی تووشبوون بە کۆڕۆنا لە نێو کەمتیارەکاندا دەردەکەوێ کە کەمتیارەکان بەوە ناسراون خاوەن بەرگرییەکی بەهێزن.
لە پەرەسەندنێکی نوێی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە لەلایەن ڤێرتنەرییەکانەوە لە باخچەی ئاژەڵانی دێنڤەر لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی سەر بە ئەمریکا چاودێری دەکرێن، دوو کەمتیار تووشی ڤایرۆسەکەبوون.
لە ساڵی 2019ـەوە کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا سەریهەڵداوە، حاڵەتی کۆڕۆنا لە نێو چەندین جۆری ئاژەڵی وەک سەگ، پشیلە، شێر و پڵینگ دۆزراونەتەوە، بەڵام ڤایرۆسەکە لە کەمتیارەکاندا دەرنەکەوتبوو، کەمتیارەکان بەوە ناسراون کە بەرگری لەشیان بەهێزە.
دوای تووشبوونی کۆمەڵێک شێر لە باخچەی ئاژەڵانی دێنڤەر، پزیشکە ڤێرتنەرییەکان نموونەیان لە ئاژەڵە جۆراو جۆرەکانی باخچەکە وەرگرت و کە کەمتیارەکانیشی تیابوو، دەرکەوت دووانیان تووشبووی ڤایرۆسەکەن.
کەمتیارەکان تەمەنیان 22 و 23 ساڵن، نیشانەکانیان سەخت نییە، لە تەندروستییەکی باشدان، چاوەڕوان دەکرێت بە تەواوی چاک ببنەوە.
توێژەران پێیان وایە کە مرۆڤ دەتوانێت ڤایرۆسەکە بگوازێتەوە بۆ ئاژەڵان، هەروەها لەسەر بنەمای زانیاری بەردەست مەترسی بۆ سەر گیانی ئاژەڵان بە تووشبوون بە نەخۆشیەکە کەمترە بەراورد بە مرۆڤەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.