لە ڕێكەوتی 2021/11/5 ، كۆمەڵێك لە هونەرمەند و نووسەران كە پێك هاتبوون لە : نووسەر ئازاد عەبدلواحید ،سەڵاح محەمەد ( مام عەوڵا)ی دەنگخۆش و م. نایف شێخانی موزیكژەن بۆ یادی جەژنی لەدایكبوونی هونەرمەندی گەورە ، باكووری لە ماڵەكەی سەردانی نابراویان كرد.
نووسەر ئازاد عەبدلواحید بە ماڵپەری كوردستان تیڤی راگەیاند" بە پێی هاوئاهەنگییەك كە ماوەیەك پێش ئێستا لەگەڵ دوكتۆر سەبای كوڕی م . باكووری كردبوومان ، لە كەشێكی خێزانیدا ئەو یادەمان بەرز ڕاگرت ".
هەروەها گوتی" ئێمە كە ویستمان یادی (93) ساڵەی تەمەنی مامۆستا باكوری بكەینەوە ، مەبەستمان بوو بۆ چەند ساتێك شادمانی بكەین و خۆشی بخەینە دڵییەوە".
لە كۆتاییدا نووسەر ئازاد عەبدلواحید گوتی" ئەوە بۆ دوو ساڵ دەچێ مامۆستا باكووری بە هۆی تەمەن و كۆرۆناوە ماڵەكەی خۆی بەجێهێشتووە و لە ماڵی كوڕەكەی دەژی ، خوا هەقە زۆر بە جوانی لە لایەن كوڕەكەیەوە چاودێری دەكرێ ، ئێمەی هاوڕێیانی مامۆستاش ماوەیەكە خۆمان بۆ ئەو بۆنەیە ئامادە كردبوو ، بۆیە شەوێكی پڕ بە دڵی ئەومان بەڕێ كرد".
لەو بۆنەیەدا هیوای لەشساغی و تەمەن درێژی بۆ ئەو پیاوە جوان و دەنگە ڕەسەنە دەخوازین كە لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی دی بەردی بناغەی گۆرانی نوێی كوردییان دانا و دڵی هەزان كەسیان خۆش كرد .
شایانی باسە ،م . باكووری لە 1928/11/5 لە دایك بووە.
ئا- كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.