کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق راگەیاند کە ئەرکەکانی لەژێر ھیچ فشارێکدا جێبەجێ ناکات و ئاماژەی بەوەیش دا کە دوای پێداچوونە بە تانەکان لەلایەن دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان رەوانەی دادگای باڵای فیدراڵیی دەکەین.
حەسەن سەلمان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە کۆمیسیۆن ئەرکەکانی لەژێر ھیچ فشارێکدا جێبەجێ ناکات و گوتی: "کۆمیسیۆن کار و ئەرکەکانیان لە چوارچێوەی یاسا ئەنجام دەدات".
حەسن سەلمان روونیشی کردەوە، کۆمیسیۆن سەرجەم تانەکان کە ژمارەیان چوار ھەزار و 324 تانەیە رەوانەی دەستەی دادوەرەیی بۆ ھەڵبژاردنەکان کردووە و گوتی: "دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، بڕیاری خۆی لەبارەی تانەکانەوە دەدات کە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و سەرجەم لایەنەکان پێوەی پابەند دەبن".
ئاشکراشی کردووە کە دوای پێداچوونە بە تانەکان لەلایەن دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان رەوانەی دادگای باڵای فیدراڵیی دەکات و گوتی: "پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان لە دەسەڵاتی دادگای باڵای فیدراڵیی دایە".
رۆژی ھەشتی ئەم مانگە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاندبوو کە پێداچوونەوە بەسەرجەم ئەو تانە و بەڵگانەی کە لە چوارچێوەی پاشکۆی تانەکان لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش کرابوون، کۆتایی ھاتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.