Erbil 38°C سێشەممە 11 ئاب 08:52

لە هەڵمەتێکی سێ ڕۆژەدا زیاتر لە 5 هەزار دەدۆنیا لە شەقامی هەولێر - مەخموور دەچێندرێن

کوردستان TV
100%


تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر دەستیان کرد بە جێبەجێكردنی هەڵمەتێكی سێ ڕۆژە لە دوورگەی ناوەندی شەقامی سەرەكیی هەولێر-مەخموور بە مەبەستی چاندنی زیاتر لە پێنج هەزار دەدۆنیا، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە فراوانەدایە بۆ چاندنی زیاتر لە 100 هەزار دار لە شاری هەولێر.
ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر، لەبارەی هەڵمەتی چاندنی زیاتر لە پێنج هەزار دەدۆنیا لە شەقامی مەخموور، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە دوورگەی ناوەندی شەقامی سەرەكیی هەولێر-مەخموور تیمەكانمان دەستیان كرد بە هەڵمەتێكی گەورە بۆ چاندنی زیاتر لە پێنج هەزار دەدۆنیا و هەڵمەتەكەش تاوەکوو دوو ڕۆژی دیكە بەردەوامی دەبێت.
سەبارەت بە ئامانجی هەڵمەتەکەش، گوتی: ئامانجمان لەو جۆرە هەڵمەتانەی چاندنی دار، خزمەتكردنی زیاتری شاری هەولێرە لە ڕووی سەوزكردنەوە بە تایبەتی شەقام و دوورگە ناوەندی و گەڕەکەکانی باشووری هەولێر، ئەم پرۆسەیەش لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدایە كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕامانگەیاند زیاتر لە 100 هەزار دار بۆ سەوزكردنی شاری هەولێر دەچێندرێت.
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەو جۆرە هەڵمەتانە لە شوێنەكانی دیكەی شاری هەولێریش، بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، دەشڵێ: مەبەستمانە بایەخی زیاتر بە شەقام و دوورگە ناوەندییەكانی هەولێر بدەین لە ڕووی خزمەتگوزاریی سەوزایی بەشێوەیەكی یەكسان بۆ هەموو بەشەكانی شاری هەولێر بە تایبەتی ئەو گەڕەك و شوێنانەی كە هەست دەكەین ڕێژەی سەوزاییان بە بەراورد بە بەشەكانی تری هەولێر، كەمترە، بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین ڕێژەی سەوزایی لە هەموو شوێنێکی هەولێر زیاتر بكەین.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.