ماتیوس مۆراڤیسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، دەربارەی ئەو قەیرانەی کۆچبەران کە لەسەر سنووری وڵاتەکەی دروست بووە، باسی لەوە کرد کە سەرکۆماری بیلاڕووسیا، ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ فەرمانەکانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین جێبەجێ دەکات.
بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو لێشاوەی کۆچ کە لەسەر سنووری بێلاڕووسیا-پۆڵەندا دروست بووە، پەرلەمانی پۆڵەندا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەیەکی نائاسایی رێکخست.
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باسی لەوە کرد کە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، ئەمە جاری یەکەمە ئاسایش و سنوورەکانی وڵاتەکەی رووبەڕووی پەلامارێکی لەوشێوەیە ببنەوە.
مۆراڤسکی بانگەشەی ئەوەشی کرد کە رووسیا پەیڕەوی لە سیاسەتی ئیمپراتۆرییەت دەکات و گوتی: "سەرکۆماری بیلاڕووسیا، ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ لە قۆناغی قەیرانی کۆچبەراندا، فەرمانەکانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین جێبەجێ دەکات".
لای خۆشییەوە وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا، ماریوس کامینسکی ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەئێستادا، دوو بۆ چوار هەزار کۆچبەر لەسەر سنوورەکانی بیلاڕووسیا-پۆڵەندا هەن.
کامینسکی جەختی لەوەش کردەوە کە پۆڵەندا نابێتە رێڕەوی کۆچبەران و گوتی: "رووسیا لەڕێی ورووژاندنی قەیرانێکی نوێی کۆچەوە دەیەوێت رۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەورووپا، تەنانەت هەموو یەکێتیی ئەورووپا دووچاری ناسەقامگیری بکات. ئامانج لەم سیاسەتەی ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ ئەوەیە وا لە ئەورووپا بکات دان بە هێز و دەسەڵاتیدا بنێت و سزاکان لەسەری هەڵبگرێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.