Erbil 38°C دووشەممە 11 تشرینی دووەم 00:05

ئه‌مڕۆ یادی 34 ساڵه‌ی کۆچی دوایی هونه‌رمه‌ندی گه‌ل (تاهیر تۆفیق) کرایه‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك هونه‌مه‌ند و موسیزیان یادی 34 ساڵه‌ی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد (تاهیر تۆفیق) كرایه‌وه‌.

ئه‌م یاده‌ له‌لایه‌ن تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌ و له‌ هۆڵی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی كۆیه‌ سازكرا، كۆمه‌ڵێ له‌  هونه‌رمه‌ند و موسیزیان تێیدا گۆرانیان به‌و یاده‌ پێشكه‌ش كرد، وه‌كو هونه‌رمه‌ندان (ڕێبین جه‌مال - ئازێتا لوقمان - هه‌ڵدێر محێدین - هۆشمه‌ند زاهیر- كارمه‌ند ڕواندزی- شێروان سلێمان).


شایانی باسه‌ هونه‌رمه‌ند تاهیر تۆفیق كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ دیاره‌كانی كورد. له‌ ساڵی 1922 له‌ شاری كۆیه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی به‌فری قه‌ندی هاتووه‌ته‌ دونیاوه‌، له‌ ته‌مه‌نی 7 ساڵیدا باوكی بردوویه‌تی بۆ حوجره‌ی (مه‌لای ڕه‌ش) و له‌وێ خوێندنی قورئانی ته‌واو كردووه‌، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ فێری ئه‌لف بێی كوردی و عه‌ره‌بی بووه‌، له‌ ته‌مه‌نی 14 ساڵیدا كه‌ له‌ پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تایی بووه‌ به‌هره‌ی گۆرانیبێژی هه‌بووه‌ و مامۆستاكانی هانیان داوا سروود و گۆرانی بڵێت، له‌ ساڵانی 1942 – 1943 به‌هۆی گرانی و هه‌ژارییه‌وه‌ ده‌ستبه‌رداری خوێندن ده‌بێت، له‌ ساڵی 1945 ده‌چێته‌ ئێستگه‌ی ڕادیۆی به‌غدا حه‌فتانه‌ بۆ نیو كاتژمێر راسته‌وخۆ گۆرانی پێشكه‌ش ده‌كرد، بۆ یه‌كه‌مجاریش گۆرانی (ئه‌ی له‌ گورێ له‌ سۆره‌ گورێ) و به‌سته‌ی (كراس زه‌ردێ)ی تۆماركردووه‌ و بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌.
 
تاهیر تۆفیق له‌ ساڵی 1975 ژیانی هاوسه‌ریی پێكهێنا, ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تای ژیانی هونه‌ریدا كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر كاریگه‌ریی گۆرانیبێژه‌ لێهاتووه‌كانی ئه‌وسای كۆیه‌ وه‌ك سێوه‌ و مه‌لا ئه‌سعه‌د و سوودێكی زۆریشی له‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌دی ‌حه‌مه‌ مه‌لا وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام كاتێك كه‌ بازووی هونه‌ری گۆرانی گوتنی به‌هێز بووه‌، هه‌وڵی داوه‌ ده‌نگ و ڕێبازی تایبه‌تی خۆی هه‌بێ و له‌ ناوه‌ڕاستی چله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووشه‌وه‌ بووه‌ته‌ گۆرانیبێژێكی خاوه‌ن ده‌نگ و ڕێبازی تایبه‌تی خۆی, له‌ ڕۆژی 20ی تشرینی یه‌كه‌می 1987 له‌ ته‌مه‌نی 65 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد .


به‌ ناوبانگترین مه‌قامی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ” شیرن به‌هاره‌”یه‌ كه‌ هۆنراوه‌ی م. ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌ و به‌ یه‌كێك له‌ به‌چێژترین مه‌قامه‌ كوردییه‌كان داده‌نرێت هه‌روه‌ها له‌ هۆنراوه‌ی شاعیرانی وه‌ك نالی، مه‌حوی، بێخود و سافی هێرانی.. هتد چه‌ندین گۆرانی و مقامی گوتووه‌.

هونه‌رمه‌ند تاهیر تۆفیق له‌ ساڵی 1922 له‌ شاری كۆیه‌ له‌ گه‌ره‌كێكی هه‌ژارنشین له‌دایك بووه‌ و له‌ 20/10/1987  له‌ ته‌مه‌نی 62 ساڵی كۆچی دوایی كردووه‌.
ئه‌ی موتربی حه‌ریفان

وتنی: تاهیر تۆفیق

ئه‌ی موتربی حه‌ریفان ده‌ستكه‌ به‌ نه‌غمه‌ خوانی

ئاوازی تۆیه‌ بۆ دڵ وا ده‌فع ئه‌كا غه‌مانی

به‌زمت شیفایه‌ ساده‌ی بۆم لێده‌ به‌ربوت و نه‌ی

ئه‌و ده‌ردی دڵ هه‌تا كه‌ی چی ماوه‌ عومری فانی

بۆم لێده‌ چه‌نگ و عووده‌ ڕه‌مزه‌ له‌ یاو ده‌ووده‌

بۆ كوێریێ  حه‌سووده‌ ئه‌م سیڕڕه‌ با نه‌زانێ

موتریب به‌ ساز و نه‌ی بێ ساقی و جامێ مه‌ی بێ

تا عاجزیمه‌ ته‌ی بێ روو كه‌ینه‌ شاده‌مانی

به‌زم و هه‌وایی تۆیه‌ كه‌یف و سه‌فایی تۆیه‌

ده‌نگ و سه‌دایی تۆیه‌ بۆ عه‌یشی جاویدانی

ساقی له‌ دڵ حه‌زه‌ر كه‌ چاره‌م له‌ ده‌ردی سه‌ركه‌

جارێكی یه‌ك نه‌زه‌ر كه‌ بۆ (صافی) ی هێرانی

ئا- كامران 

كوردستان TV

گۆرانی و مۆسیقا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.