میشێل باچڵت، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، ، رایگەیاند بەردەوامی مانەوەی ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر و پەنابەر لەو سەرما و سۆڵەیەی سەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا بە بێچارەیی، تووشی شۆکی کردووە و داوای لە وڵاتانی پەیوەندیدار کرد کە ھەنگاوی خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بنێن.
میشێل باچڵت لە بارەی دۆخی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی فەرمی دەچنە بێلاڕووس و لە ھەوڵی دەربازبوون بۆ ئەورووپا لەو وڵاتەوە ھەوڵی پەڕینەوە بۆ پۆڵەندا دەدەن، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان جارێكی دیكه ھۆشداریی دا کە جێگیرکردنی ھێزی سەربازیی لەسەر سنووری ھەردوو وڵات و گوتنی دەستەواژەی دژ بەیەکتر، دۆخی کۆچبەرەکان خراپتر دەکات.
باچڵت جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت وڵاتان پێکەوە کاربکەن بۆ پاراستنی ژیان و شکۆی ھەموو ئەو کەسانەی کە لە سنووری نێوانیاندا گیریان خواردووە و داوای کرد بەخێرایی رێگە بە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رۆژنامەنووسان و پارێزەران بدرێت بۆ ئەوەی بچنە ناوچە سنوورییەکان.
کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەی دووپات کردەوە کە بەردەوامی مانەوەی ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر و پەنابەر لەو سەرما و سۆڵەیەی سەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا بە بێچارەیی تووشی شۆکی کردووە.
میشێل باچڵت، بەبێ ناوھێنان بەرپرسیارێتی پۆڵەندا و بێلاڕووسی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و مافی پەنابەرانی وەبیرھێنایەوە و بانگەوازی ئەوەی کرد کە بۆ سووك کردنی دۆخە قورسەکەی سەر سنوور و چارەسەری دۆخەکە ھەنگاوی خێرا بنێن.
باچڵت جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتان بەرپرسن لە پاراستنی مافی ژیان و گوتی: "ئەمە (ئەوەی سەر سنوور) سەدان ژن، پیاو و منداڵ نابێت ناچار بکرێن شەوێکی تر لەو سەرما و سۆڵەیە و بەبێ بوونی شوێنی مانەوە، خۆراک، ئاو و پێداویستی پزیشکی بەسەر ببەن".
ھەوڵی چەندین کەس کە بە شێوەیەکی فەرمی چوونەتە بێلاڕووس و لەوێوە دەربازبوون بۆ ئەورووپا لە رێگەی پۆڵەنداوە، گرژییەکانی سەر سنووری نێوان ھەردوو وڵاتی زیاد کرد.
بێلاڕووس، پۆڵەندا بە ئەنجامدانی مامەڵەی نامرۆیی لەگەڵ کۆچبەران تۆمەتبار دەکات و پۆڵەنداش تۆمهتی بەکارھێنانی کۆچبەران وەک فشاری سیاسی دهداته پاڵ بێلاڕووس.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.