هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، هەڕەشەی بایکۆت کردنی پرۆسەی سیاسیی عێراقی بە تەواوی کرد ئەگەر تانەکانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەشێوەی راستەقینە و جددی چارەسەر نەکرێن.
هاوپەیمانی فەتح كه چەتری سیاسی گرووپە چەکدارە شیعەکانە لەوانە عەسائیب ئەهلی حەق و کەتیبەکانی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان بە بەدەست هێنانی 16 کورسی دۆڕاوی سەرەکی هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا، بە بەدەست هێنانی 48 کورسی براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکە بوو.
لهو باریهوه بەگوێرەی راگەیەندراوێك کە لە نووسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح بڵاوکراوەتەوە، هادی عامری رایگەیاندووە: "ئێمە سەپاندنی ئیرادە قبوڵ ناکەین و رەنگە پەنا ببەین بۆ بایکۆت کردنی تەواوی پرۆسەی سیاسی، ئەگەر بە شێوەیەکی راستەقینە و جیددی تانەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چارەسەر نەکرێن".
بەگوتەی سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جینین هێنیس بلاسخارت کۆنترۆڵی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کردووە و رۆڵی نەرێنی دەگێڕێت و دەستێوەردانی هەیە لە دەرەوەی مەودای کارکردنیدا.
هادی عامری راشیگەیاندووە، شپرزەیی لە کارەکانی کۆمیسیۆن هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەو قەیرانە سیاسییەی ئێستا، و رایگهیاندووه: "کۆمیسیۆن بەر لە هەڵبژاردنەکان بەڵێنی چەندین رێوشوێنی دا بۆ دڵنیاکردنەوەی هێزە سیاسییەکان لە ساختە نەکردن لە ئەنجامەکان، بەڵام پابەند نەبوو بە هیچ کام لە بەڵێنەکانی".
نزیکەی دوو هەفتەیە لە عێراقدا گرژیی سیاسیی هەیە، ئەمەش دوای ئەوەی گرووپە چەکدارە شیعەکان ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەمیان رەت کردەوە و داوای دووبارە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان دەکەن.
رۆژی هەینی رابردوو، لە میانی خۆپیشاندانی لایەنگرانی ئەو هێزانەی کە ئەنجامی هەڵژاردنی پێشوەخت رەت دەکەنەوە، لە بەغدا پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران روویدا و بەپێی زانیارییهكانی وەزارەتی تەندروستی و سەرچاوەیەکی پزیشکیی لە خۆپیشاندانەکەدا، 125 کەس برینداربوون کە 27یان کارمەندی ئەمنیی بوون.
ههروهها بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی رابردوو، سوپای عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بووە و راشیگەیاند، هێرشەکە بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر شوێنی مانەوەی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا ئەنجام دراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.