ئهمڕۆ پێنجشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دانیشتنێکی بەپەلە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر قەیرانی ئەو کۆچبەرانەی کە لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە ئەنجام دەدات، هاوکات سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: "نابێت دۆسیەی کۆچبەران بۆ مەبەستی سیاسیی بەکاربهێنرێت".
سەرچاوە دیپلۆماتییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان راگەیاند، شاندەکانی هەریەک لە فەرەنسا، ئیسپانیا و ئیرلەندا لە نەتەوەیەکگرتووەکان داوای کۆبوونەوەکەیان کردووە "بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا".
بەگوتەی ئەو سەرچاوە دیپلۆماتییانە، دانیشتنەکە کاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆی ئهمڕۆ پێنجشەممە بەکاتی ناوخۆی نیویۆرک ئەنجام دەدرێت.
تاوەکو ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی بۆ کۆبوونەوەکە لەلایەن نێردەی مەکسیک بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان کە سەرۆکایەتی خولی ئەم مانگەی کارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات، نەکراوە.
لای خۆیەوە، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستیڤان دوجاریک لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە پەیامنێرانی گوت کە سكرتێری گشتیی رێكخراوهكه، ئهنتۆنیۆ گوتێرێس لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی سنووری نێوان بێلارووس و پۆڵەندا دەکات.
ستیڤان دوجاریک راشیگەیاند، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس پێی وایە گرنگە کە بە گوێرەی پرەنسیپە مرۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵە لەگەڵ کێشەی کۆچبەران و پەنابەراندا بکرێت.
گوتیشی: "ئەوەی لە ئێستادا لەسەر سنوورەکانی بێلاڕووس و پۆڵەندا روودەدات نابێت بۆ مەبەستی سیاسیی بەکاربهێنرێت یان ببێتە هۆکاری گرژی نێوان وڵاتان".
رۆژی سێشەممەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، متەیوش مۆرڤیاتسکی هۆشداریی دا کە شەپۆلی بێوێنەی کۆچبەران کە لە بێلاڕووسەوە بەشێوەیەکی نایاسایی هەوڵی چوونە ناو وڵاتەکەی دەدەن "هەڕەشە لە ئاسایشی تەواوی یەکێتی ئەورووپا دەکات".
ئاژانسی هەواڵی پۆڵەندا بڵاوی کردەوە، رۆژی دووشەممە ژمارەیەک پەناخواز هەوڵیان داوه سنوور ببەزێنن بۆ چوونە ناو پۆڵەندا لە بێلاڕووسەوە، کە لە ئێستادا نزیکەی چوار هەزار پەناخواز لەسەر سنوورەکانی ئەو دوو وڵاتەدا هەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.