له گه‌ڕی شه‌شه‌می قۆناغی یه‌كه‌می خولی نایابی كوردستان، كاتژمێر 2:30 خوله‌كی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێ یاری له یاریگا جیاجیاكان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له شاری هه‌ولێر، یانه‌ی هه‌ندرێنی پێشه‌نگی ریزبه‌ندی یانه‌كان میوانداری یانه‌ی سۆران ده‌كات.
هه‌ندرێن به ئومێدی پارێزگاریكردن له پێشه‌نگ رووبه‌رووی سۆران ده‌بێته‌وه، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی سۆران دوای چه‌ند ئه‌نجامێكی خراپ هه‌وڵده‌دات بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر رێچیهكی دروست و سه‌ركه‌وتن له یاریه‌كه به‌ده‌ست بێنێت، له زاخۆش، یانه‌ی زاخۆ میوانداری یانه‌ی برایه‌تی پاڵه‌وانی وه‌رزی ڕابردووی خوله‌كه ده‌كات.
له ده‌ستپێكی ركابه‌ریه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابدا، یانه‌ی زاخۆ ئه‌نجامی باشی تۆماركردووه، به پێچه‌وانه‌وه یانه‌ی برایه‌تی ئه‌نجامه‌كانی وه‌ك پێویست نین، بۆیه بردنه‌وه‌ی سێ خاڵی یاریه‌كه بۆ هه‌ردوو یانه، زاخۆ هه‌وڵ ده‌دات له ریزه‌كانی پێشه‌وه‌ی ریزبه‌ند دانه‌بڕێت و برایه‌تیش ده‌یه‌وێت له پله‌كانی دواوه‌ی ڕیزبه‌ند دووربكه‌وێته‌وه.
هاوكات له شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ یانه‌ی چه‌مچه‌مال رووبه‌رووی یانه‌ی هه‌لۆی میوانی ده‌بێته‌وه، چه‌مچه‌ماڵ له ناوه‌ڕاستی ریزبه‌ند دایه به شه‌ش خاڵ و هه‌وڵ ده‌دات برینی هه‌لۆ قولتر بكات، له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ی هه‌ڵۆ چاوی له گه‌ڕانه‌وه‌ی بڕوا‌و متمانه‌یه بۆ یاریزانانی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا له بارودۆخێكی زۆر خراپ دایه و هیچ خالێكی به‌ده‌ست نه‌هێناوه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.