تۆمەتبارێک دەستگیر دەکرێت بەتۆمەتی ئەوەی بەفێڵ پارە و ئاڵتون لە ئافرەتێک دەسەنێت، هەروەها دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێكدا گیرا كە لە شاری هەولێرەوە دزرابوو و هێنرابووە شاری سلێمانی.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕاگەیانراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ئافرەتێک لە بنكەی پۆلیسی هەواری شار سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارێک تۆمار كرد كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ناسیویەتی و بەناوی وەرگرتنی ڤیزەی ئەوروپاوە بڕی 20 هەزار دۆلار (دوو دەفتەر دۆلار)ـی لێ سەندووە.
ڕاشیگهیاند: دواتر دووبارە تۆمەتبارەكە دەركەوتۆتەوە و داوای 10 هەزار دۆلار (یەك دەفتەر)ی دیکەی لەسكاڵاكار كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئافرەتەكە ئەو بڕە پارەیەی نەبووە، تۆمەتبارەكە داوای ئاڵتونی كردووە، دوای لێکۆڵینەوە و چاودێری توانرا تۆمەتبارەکە لە كاتی وەرگرتنی ئاڵتونەكە دەستگیربكرێت.
ههروهها ڕایگەیاند: لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا تۆمەتبارەكە دانی بە تاوانەكەی ناوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە بەو پارەیەی سەندوویەتی ئوتۆمبێلێكی پێ كڕیووە، لەكاتی دەستگیركردنی دەستیشگیراوە بەسەر ئوتۆمبێلەكە.
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: تۆمەتبار ناوی (س، ج، ن) لەدایكبووی 1989، دانیشتووی شاری هەولێر، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.