لە ئیتاڵیا، لە سەرەتای ساڵەوە بۆ ئێستا 103 تاوانی کوشتن بەرامبەر ئافرەتان ئەنجامدراوە.
بەپێی راپۆرتی "کوشتنی بە ئەنقەست" کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی تاوان لە پۆلیسی ئیتاڵیا بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی نێوان سەرەتای ئەم ساڵەوە تاکو 7ی تشرینی دووەم، لەو وڵاتە 247 تاوان تۆمارکراوە.
راپۆرتەکە، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە لەو تاوانانە 103 دانەیان کوشتنی ئافرەتان بووە و ئەوەشی راگەیاندووە کە لە وڵاتەکەدا لە ھەر سێ رۆژدا ئافرەتێک بە ھۆی کوشتنەوە گیان لەدەستدەدات.
بەپێی راپۆرتەکە، لەو 103 تاوانە، 87یان لە ئەنجامی توندوتیژی خێزان یان توندوتیژی ھاوسەرەوە بووە.
راپۆرتەکە، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بە بەراوورد لەگەڵ ھەمان ماوەی ساڵی رابردوودا رێژەی کوشتنی ئافرەتان لەسەرانسەری وڵاتەکە سەدا شەش زیادیکردووە و ژمارەی ئەو ئافرەتانەی کە بوونەتە قوربانیی کوشتن لە 97 ئافرەتەوە بۆ 103 ئافرەت بەرزبووەتەوە.
ئیتاڵیا، کە یەکێکە لە وڵاتەکانی ناو یەکێتی ئەورووپا کە بە بەردەوامی تاوانی کوشتنی ئافرەتانی تێدا تۆمار دەکرێت لە ساڵی 2018دا 141، لە 2019دا 111 و لە ساڵی 2020دا 116 ئافرەت کوژراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.