نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، لهبارهی كۆچبهرانی سنووری بیلاڕووسیا و پۆڵهندا، ئاشكرای دهكا هەڵوێستی فەرمیی ئەوەیە کە یەکێتی ئەوروپا ڕێگە نادات ئەو کۆچبەرانە بچنە ناو خاکی ئەوروپا، راشیدهگهێنێت: کەیسی نەبوونی ئازادی لە هەرێمی کوردستان له ئهورووپا زۆر قبووڵ نییه، چونكه خۆیان دۆخهكه دهبینن
د.دلاوهر خالید ئاژگهیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، لهبارهی كۆچبهرانی سنووری بیلاڕووسیا، به دهنگی ئهمریكای راگهیاندووه: هەڵوێستی فەرمی ئەوەیە کە یەکێتیی ئەورووپا ڕێگە نادات ئەو کۆچبەرانە بچنە ناو خاکی ئەوروپا، لەو چوارچێوەیەش جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا سەردانی لوبنان و عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەو شوێنانە دەکات، کە خەڵکی ئەو وڵاتانە لێوەی کۆچ دەکەن، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شوێنانە قسەدەکرێت بەمەبەستی ئەوەی کە چۆن ڕێگە بگیرێت لەوەی خەڵک بەو شێوازە بچنە ئەوروپا.
ڕاشیگەیاندووه: بۆ یەکێتیی ئەورووپا دوای بابەتی ئاسایش، بابەتی هاتنی کۆچبەران بابەتێکی هەستیارە و هەموییان کۆکن لەسەر ئەوەی پێشگیری لێبکرێت.
د.دلاوهر خالید ئاژگهیی، لهبارهی هۆكارهكانی كۆچهوه رایدهگهێنێت: دەبێت دیراسە بکرێت بزانرێت هۆکارەکانی کۆچکردن چین؟ لە چ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانە زیاتر ئەو کۆچە؟ ئەوە پێویستی بە دیراسەیە من ناتوانم ئێستا لێرەدا بڵێم هۆکارەکانی کۆچ لەبەر ئەوەیە، لەسەر بنەمای ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوە دەتوانرێت هۆکارەکانی کۆچ دەستنیشان بکرێت و چارەسەر بکرێت.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا دەشڵێت: کەیسی نەبوونی ئازادی لە هەرێمی کوردستان ڕەنگە زۆر قبوڵ نەکرێت لێرە (لە ئەوروپا)کە پەنابەر وەردەگرن، چونکە ئەوان خۆیان لەکوردستانن و دۆخەکە دەبینن ، ئەگەر سەیری سۆشیاڵ میدیای کورد بکەن دەبینین کە خەڵک بەدڵی خۆی شت دەنووسێت، هەندێک شت دەنووسرێت کە ڕەنگە بەپێی یاساکانی ئەورووپاش ڕێگە پێدراو نەبێت و لێپێچینەوەی یاسایی لەسەر دەکرێت، ئەندام پەرلەمان هەیە لەکوردستان لێدوان دەدات دەڵێت” ئازادی لەکوردستان نییە، باشە ئەگەر ئازادی نەبێت چۆن دەتوانێت لەبەردەم بیست کەناڵی ڕاگەیاندن لێدوان بدەیت بڵێی ئازادی نییە؟! واتە خۆی هەڵسوکەوتەکە پێچەوانەی بانگەشەکەیەیە و خۆی وەڵامی خۆی دەداتەوە.
ههروهها رایگهیاندووه: جگە لەوەی هەرکەس باسی بوونی مەترسی و هەڕەشە و گرتن بکات لە وڵاتەی کە کۆچی لێوەکردووە، دەبێت بە بەڵگە بیسەلمێنێت بۆ ئەو وڵاتەی کە داوای مافی پەنابەری لێدەکات.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، دەربارەی هاوکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کۆچبەرانە، گوتی” وەک دەزانرێت بیلا ڕووسیا وڵاتێکی داخراوە، نەک نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان، تەنانەت حکوومەتی عێراقیش نوێنەری نییە، بەڵام لە دیوی پۆڵەنداوە بڕیارە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانیان بکات، هەروەها پەیوەندی بە لایەنی پۆڵەندی کردووە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بچێت بۆ هاوکاری کردنی ئەو کۆچبەرانە. ”
د.دلاوەر ئاژگەیی زیاتر ئاماژه بۆ ئهوهشدهكات: ئەوەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر ڕەنگە بتوانێت بۆ ئەو کۆچبەرانەی بکات ئەوەیە هەوڵی ئاسانکاری تەواو بدات بۆ ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆکوردستان. ، چونکە وڵاتی سێیەمە ناتوانرێت هیچ بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.