سەرۆکی فەڕەنسا ڕەنگەکانی ئاڵای فەڕەنسا بە بێدەنگی دەگۆڕێت، لە شینێکی کاڵەوە بۆ شینێکی تۆخ کە ئاماژەن بۆ زیندووکردنەوەی شۆڕش.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێبێکا ڕۆسمان پەیامنێری ڕۆژنامەی (تەلەگراف)ی بەریتانی لە پاریس، بە ناونیشانی "ماکڕۆن ڕەنگی ئاڵای فەڕەنسای گۆڕی بۆ زیندووکردنەوەی شۆڕش"، دهڵێت: سەرۆکی فەڕەنسا بە بێدەنگی ئاڵای وڵاتهكهی لە شینی کاڵەوە بۆ شینی تۆخ گۆڕیوە کە ئەو ڕەنگە لە ساڵانی شۆڕشدا بەکارهێنراون.
یەکێک لە کارمەندانی ئیدارەکەی ماکڕۆن هۆکاری گۆڕینی ڕەنگی ئاڵاکەی به میدیاكان ڕاگەیاندووە کە هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ جوانییەکەی، بەڵام لە ڕاستیدا هۆکاری سیاسی هەیە و ئامانجیشی زیندووکردنەوەی شۆڕشە و ئەم جۆرە ئاڵایە هەمیشە لەلایەن هێزی دەریایی فەڕەنسییەوە بەکار دەهێنرێت.
هەروەها ڕۆسمان رایگەیاند: وێڕای ئەوەی هیچ ڕاگەیانراوێكی فەرمی بۆ ئەو گۆڕانکارییە دەرنەکراوە، بەڵام کۆشکی ئیلیزێ پشتڕاستی کردۆتهوە کە بڕیاری گۆڕینی ڕەنگی ئاڵای فەڕەنسا لەسەر پێشنیازی ئاڕنۆ جۆلێز سەرۆکی ئۆپەڕاسیۆنەکانی تیمی ماکڕۆن و بڕۆنۆ ڕۆجەر ڕاوێژکاری ماکڕۆن بۆ بابەتی مێژوویی بووە.
ئەوە شتێکی نامۆ نییە بۆ ماکڕۆن کە هێمایەکی مێژوویی بەکار دەهێنێت بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسی، لەماوەی پێشووشدا لەکاتی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆماری فەڕەنسا ڕۆژنامەی ناوخۆیی لێبراسیۆن شیکردنەوەی بۆ وێنەیەکی کردووە کە ژمارەیەک مانای شاراوەی لە خۆگرتووە، لە وێنەکەدا کۆمەڵێک شت بەشێوەیەکی ڕێکوپێک لەسەر مێزەکەی نمایش کراوە، بۆ نموونە کاتژمێری سەر مێزەکەی كه کاتەکەی 8:20 خولەکی دوای ئێوارە بووە، ئەوەش هێمای ئەوەیە کە سەرۆک درەنگ کار دەکات، یاخود کاغەزەکەی بەردەمی کە لە شێوەی کەڵەشێر نمایش کرابوو، ئەوەش یەکێکە لە هێما نەتەوەییەکانی وڵاتەکە.
ئەو کارەی ماکڕۆن له كاتێكدایه کە خۆی بۆ هەڵبژاردنێکی سەخت ئامادە دەکات، سەرەڕای پێشەنگی ئێستای لە دەنگداندا ڕووبەڕووی بەرەنگارییەکی گەورە دەبێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.