ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی سه‌ر سنووری بێلاڕووس-پۆڵه‌ندا كه ده‌یانه‌وێت به‌ره‌و ئه‌ورووپا كۆچ بكه‌ن، كه‌مپه‌كانیان جێهشت و به كۆمه‌ڵ روویان له ده‌روازه‌ی سنووریی نێوان ئه‌و دوو وڵاته كرد.
ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له عێراقه‌وه و له‌رێگه‌ی وه‌رگرتنی ڤیزه‌وه خۆیان گه‌یاندووه‌ته بێلاڕووس و به درێژایی هێڵی سنووری شاری گرودنۆ له‌گه‌ڵ پۆڵه‌ندا له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌ورووپا، ئه‌و كهمپانهیان جێهێشت كه خۆیان درووستیان كردووه.
كۆچبه‌ره‌كان كه ژماره‌یان نزیكه‌ی دوو هه‌زار كه‌سه و ژن و منداڵیشیان تێدایه، به كۆمه‌ڵ له به‌رده‌م ده‌روازه‌ی سنووریی بروزگی-كوزنیتسا گردبوونه‌وه و له‌وێ ده‌ستیان به دانیشتن و چاوه‌ڕوانی كرد.
ده‌روازه سنوورییه‌كه به ته‌لی دڕكاویی ته‌نراوه، هاوکات هێزه ئه‌منییه‌كانی پۆڵه‌ندا رێكاری توندیان گرتووه‌ته به‌ر.
له راگهیهندراوێكیشدا كه له لایه‌ن كۆمیته‌ی سنووری ده‌وڵه‌تی بێلاڕووسه‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه كراوه گرووپی نوێی كۆچبه‌ران په‌یوه‌ندییان به‌و كه‌سانه‌ی كه له‌سه‌ر سنورهكاندان كردووه و ئه‌وه‌ش راگه‌یه‌ندراوه كه ژماره‌ی كۆچبه‌ران نزیكه‌ی دوو هه‌زار و 100 كه‌سن.
تیشك خراوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ش سه‌ر له نیوه‌ڕۆ كۆچبه‌ران خۆیان رێكخستووه‌ته‌وه و به گرووپی گه‌وره گه‌وره ده‌ستیان به جووڵه به‌ره‌و خاڵی سنووریی بروزگی كردووه. هه‌روه‌ها له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "كۆچبه‌ران جه‌ختیان له نیازپاكی و ئاماده‌ییان بۆ هه‌ر دۆخێك كردووه‌ته‌وه".
هه‌ر له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆمیته‌ی سنووری ده‌وڵه‌تی بێلاڕووسدا، باس له‌وه كراوه له پێشی پێشه‌وه‌ی گرووپه‌كان ژنان و منداڵان هه‌بوون و هێزه ئه‌منییه‌كانی بێلاڕووسیش ئاسایشی جووڵه‌ی كۆچبه‌ره‌كانیان پاراستووه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.