Erbil 38°C دووشەممە 10 ئاب 06:47

شاخەوان عەبدوڵا په‌یامێک له‌باره‌ی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر گونده‌ کوردنیشنه‌کانی که‌رکووک بڵاو ده‌کاته‌وه‌

کوردستان TV
100%

 

کاندیدی سەرکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک پەیامێک سەبارەت بە هێرش و دەستدرێژییەکان بۆ سەر ماڵ و موڵکی کورد لە گوندە کوردنشینەکان بڵاو دەکاتەوە.

شاخەوان عەبدوڵا کاندیدی سەرکەوتووی پارتی لە کەرکووک ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: سەرلەبەیانی ئەمرۆ هێزێکی سوپاس عێراقی لە فرقەی 8 گەمارۆی گوندی شناغەی کوردنشین لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان دەدەن و داوایان لێ دەکەن زەوییەکانیان نەکێڵن و تەواوی ئامێرە کشتوکاڵییەکانیان لەناو زەوییەکان هەڵگرن و ماڵەکانیشیان جەرد دەکەن، هەروەها بەڵێننامەیان بە زۆر پێ پڕدەکرێتەوە بۆ نەکێڵانی زەوییەکانیان.

شاخەوان عەبدوڵا سەبارەت بەم بابەتە ئەم چەند خاڵانەی خوارەوە دەخاتەڕوو:-

1- بابەتی دەستدرێژی بۆ سەر موڵک و ماڵی کورد لە گوندە کوردنشینەکان ماوەی نزیکەی دوو مانگێکە دەستی پێ کردووە لەلایەن عەرەبی هاوردە و بە پشتگیری (ڕاکان سەعید)ـی پارێزگاری كاربەڕێکەری کەرکووک و بەڕێوەبەری کشتوکاڵ بەپێچەوانەی دەستوور و یاسا و بڕیارەکانی لیژنەی مادەی 140 و بڕیارەکانی حکوومەتی ئیتحادین کە نابێت گرێبەستی عەرەبی هاوردە تازە بکرێتەوە و زەوییەکان لەلای خاوەنەکانیان بمێنێت تا ئەو کاتەی بە یەکجاری کۆتایی بەکێشەکانیان دێت.

2- بەکارهێنانی سوپا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی پێچەوانەی مادە 9ـی دەستووری عێراقە و کێشەکان زیاتر ئاڵۆز دەکات و چارەسەرییەکان قورستر دەکات.

3- لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو چەند جارێک لە ڕێگەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان ڕێگریمان کردووە لە دەستدرێژی بۆ سەر موڵک و ماڵی جوتیارانی کورد، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ڕووی دا پێشهاتێکی مەترسیدارە و گەڕانەوەیە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ڕژێمی بەعس لە دەرکردنی کورد و نیشتەجێکردنی عەرەبی هاوردە لە جێگەیان، بۆ ئەو بابەتە بەڵگەی تەواومان لەبەردەستە و بەهیچ شێوەیەک رێگە بەو بابەتە نادەین.

4- داوا لە جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی عێراق و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێم و سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری عێراق و وەزیرانی کشتوکاڵ و ناوخۆ و داد و بەرگریی عێراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکەم، سنوورێک بۆ سەرەڕۆییەکانی ڕاکان سعید دابنرێت تا ئەو کاتەی لیژنەی ئاساییکردنەوە کارەکانیان تەواو دەکەن و کێشەی موڵکداری بەیەکجاری کۆتایی دێت کە هەنگاوی زۆر باش نراوە لەو ڕووەوە.

5- بەردەوامی دەستدرێژی کردنە سەر زەوی کورد و تەعریبکردنی ناوچەکە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە کەرکووک و تەواوی ناوچەکە دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە کە ڕەنگە سەربکێشت بۆ شەڕی نەتەوەیی.

6- داوا دەکەین ڕاکان سەعید سڕ بکرێت و دەسەڵاتەکانی لێوەربگیرێتەوە تا ئەو کاتەی پارێزگارێکی نوێ دەستنیشان دەکرێت، چونکە ئێستا ئەو کاندیدێکی دەرچووە لە بازنەی 3ـی حەویجە بۆ پەرلەمانی عێراق.

شاخەوان عەبدوڵا لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە هاوپێچ لەگەڵ ئەو بڕیارانەی دراوە بۆ گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانییان و پووچەڵکردنەوەی گرێبەستی عەرەبی هاوردە دەخرێتەڕوو کە لە کەرکووک کاری پێنەکراوە و پێشێل کراوە.

 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.