ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رایگەیاند، پەنابەره عێراقییهكان لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس-پۆڵەندا بوونەتە قوربانیی ململانێی سیاسیی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و بێلاڕووس.
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، ئیڤان فایەق پێشوازیی کردووه لە باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، ڤێلا ڤاریۆلا و شاندی یاوەری.
لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا لە بوارە جیاجیاکان و هەنگاوەکانی پەرەپێدانیان کراوه، هەروەها تاوتوێی پرسی هاووڵاتییانی عێراق کراوه کە لە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپادا گیریان خواردووە بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لەسەر سنووری بێلاڕووسن لەگەڵ ئەو نەهامەتییانەی لە میانی کۆچکردنی نایاساییدا رووبەڕوویان دەبێتەوە.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندووه، پەنابەره عێراقییهكان لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس-پۆڵەندا بوونەتە قوربانیی ململانێی سیاسیی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و بێلاڕووس و رووبەڕووی خراپترین شێوەی مامەڵەکردنی دوور لە بنەماکانی مرۆڤایەتیی و نێودەوڵەتیی بوونەتەوە.
ئیڤان فایەق راشیگەیاندووه، حکوومەت لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی خێزانە عێراقییەکان کە بوونەتە قوربانی دەستی قاچاخچییەکان، سەرجەم گەشە راستەوخۆکانی بۆ بێلاڕووس راگرت.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هاوکات گەڕانەوەی زۆرەملێی هاووڵاتییانی عێراقی لە دەرەوەی وڵاتەوە رەتکردەوە.
جێگای ئاماژه پێدانه وابڕیاره ئهمڕۆ یهكهم كاروانی كۆچبهران له سنوورهكانی بیلاڕووسیا و پۆڵهندا به ئارهزوومهندانه بگهڕێنهوه عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.