Erbil 38°C دووشەممە 10 ئاب 04:35

زیاتر لە 400 پەناخوازى نێوان سنوورەکانى بیلاڕووس و پۆڵەندا دەگەڕێنەوە کوردستان

کوردستان TV
100%

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ ئەمڕۆ کاتژمێر شەش و نیوی ئێوارە، فڕۆکەیەک لە بێلاڕووس دەگاتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 430 کۆچبەری عێراقی و کوردستانی هەڵگرتووە کە ماوەیەکی زۆرە لە نێوان سنوورەکانی بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان کردبوو.

ئەم کۆچبەرە نایاساییانەی کە بە نیاز بوون بەرە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و لە ڕێگەی بێلاڕووس بچنە نێو سنوورەکانی پۆڵەندا ولیتوانیا تا بگەنە ئەوروپا، ژمارەیان لە سەرووی 20 هەزار کەسەوە و زیاتر لە مانگێکیشە لە نێو سەرمای زستان گیریان خواردووە وڕێگەی دەربازبوونیان بۆ ئەوروپا پێ نادرێت و هەر لەسەر ئەم پرسەش دونیا هاتووەتە سەر هێڵ و ئەم بێ چارەنووسییە هۆکار بوو بۆئەوەی کە زۆرێکیان خوازیاری گەڕانەوە بن بۆ نیشتمان.

بۆ ئەم مەبەستە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدراڵ هەوڵی چارەسەری ئەم پرسەیان دا و لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵا لە هەردوولا پێک هێنرا.  نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە لیژنەکەدا پێشنیازی ئەوەی کرد "فڕۆکەیەک بۆ ئەو کەسانە تەرخان بکرێت کە خواستی گەڕانەوەیان هەیە تا بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق" و هەر بۆ ئەم مەبەستە دەست بە تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەکرا کە خوازیاری گەڕانەوەن لەو دۆخە خراپە و تا ئێستا زیاتر لە 460 پەناخواز ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمار کردووە.

وا بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 6ی ئێوارە یەکەم فڕۆکەیەک لە بێلاڕووسەوە بگاتە هەولێر کە توانای هەڵگرتنی 430 سەرنشینی هەیە و ئەوکۆچبەرانەی کە دەیانگەڕێنێتەوە، کوردستانی و عێراقین. دوای دابەزینی پەناخوازە کوردەکان لە هەولێر، فڕۆکە بیلاڕووسییەک ەدەچێتە بەغدا بۆ دابەزاندنی پەناخوازە عێراقییەکان.

بەشێکی ئەو پەناخوازانەی ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە، کێشەی پاسپۆرتیان هەیە، بەوەی کە لە سەفەرە نایاساییەکەیاندا پاسپۆرتەکانیان لەدەست داوە و بەشێکی تریشیان ڤیزاکانیان بە سەر چووە، هەر بۆیە جارێکی دیکە لەسەر فەرمانی لیژنە باڵاکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق، تیمێکی باڵیۆزخانەی عێراق لە ڕووسیا چوونەتە بێلاڕووس بۆ کارئاسانی بۆ ئەو پەناخوازانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە. تیمەکە، پاسپۆرتی پەڕینەوە بۆ پەناخوازەکان دروست دەکەن و هەروەها لێخۆشبوونیش بۆ ئەو سزایانە دەردەکەن کە ڤیزاکانیان لە بێلاڕووس بە سەرچووە و داواش لە حکومەتی بێلاڕووس کراوەکە ئەو پەناخوازانە خەرجی پشکنینی کۆڕۆناش لە فڕۆکەخانەکان نەدەن.

ئەو پەناخوازانەی کە ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، لەلایەن تیمێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و چەند لایەنێکیدیکەی پەیوەندار لە حکومەتی هەرێم پێشوازییان لێدەکرێت و میدیاکانیش ڕووماڵی گەڕانەوەیان دەکەن.

ئەو پەناخوازانەی کە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بە خۆڕایی پشکنینی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان لە هەولێر و بەغدا بۆ دەکرێت،بڕیاریشە تیمێکی وەزارەتی تەندروستی لە فڕۆکەخانە چارەسەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراویان بکات، چونکە چەندین ڕۆژە لەسەرسنوورەکان و لەبەردەم سەرما و سۆڵەیەکی زۆر و لە دۆخێکی نەخوازراو و ناتەندرووست ماونەتەوە. هەر کۆچبەرێکیش پێویستی بەچارەسەر هەبێت، بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە و چارەسەری خێرای بۆ ئەنجام دەدرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.