Erbil 38°C دووشەممە 16 شوبات 08:14

موقتەدا سەدر: پێویستە سەرجەم گرووپە میلیشیاکان هەڵبووەشێنرێنەوە

کوردستان TV
100%

 

 

ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، پێویستە هەموو گرووپە میلیشیاکان هەڵبووەشێنرێنەوە و چەکەکانیان ڕادەست بکەن لە ڕێگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە. 

موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران قسەی کرد و گوتی: نابێ شکست هێنانتان ببێتە سەرەتایەک بۆ تێکدانی دۆخی عێراق و شکستهێنان دیموکراسی.

گوتیشی: پێویستە بەخۆتان دابچنەوە تا متمانەی گەل بەدەست بهێننەوە و ئەوەی ئێستا ئەنجامی دەدەن مێژووتان لەناو دەبات و ڕقی گەل بەرامبەرتان زیاد دەکات.

سەدر لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد بۆ ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێ بەشداری لە پێکهێنانی حکوومەتدا بکەن، لەسەرەتاشدا ڕایگەیاند: لێپرسینەوە لە ئەندامانی ئەو لایانەنە دەکرێت کە ئەندامەکانیان تێوەگلاون لە گەندەڵی و گومانیان لەسەرە، پێویستە ڕادەستی دادگەیەکی بێگەرد و بێلایەن بکرێن بۆ هەڵوەستکردن لەسەر ڕاستییەکان.

هەروەها ڕایگەیاند: پێویستە حەشدی شەعبی خاوێن بکرێتەوە لە ئەندامە نا کۆنتڕۆڵ کراوەکان، هەروەها ناونەهێنانی گرووپەکە و ڕانەکێشانی بۆ ناو بواری سیاسەت.

ڕاشیگەیاند: کۆتایی بهێنرێت بە هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ دەرەوە بەشێوەیەک تەنها لە ڕێی لایەنە دیپلۆماسی و فەرمییەکانەوە بێت، بۆ ئەوەی سەروەری عێراق بپارێزرێت.

هەروەها گوتی: پێویستە هەموو گرووپە میلیشیاکان هەڵبوەشێنرێنەوە بە یەکجار و ڕادەستکردنەوەی چەکەکانیان وەکو قۆناغی یەکەم بە حەشدی شەعبی، لە ڕێگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق.

لە درێژەی قسەکانیشیدا جەختی کردەوە لەوەی کە "هێزی مەزهەب لەوە نابێت کە ناکۆکییە تائیفییەکان بسەپێنرێن وەکو ئەوەی لە مووسڵی بریندارەوە جێبەجێ دەکرێت بەناوی جیهادەوە، دەبێت به‌ خێرایی سنووری بۆ دابنرێت."

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە وەک یەکەم جێبەجێکاری ئەمانە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو خاڵانەی خستییەڕوو، گوتیشی: ئەگەر ڕازی بوون لەسەر ئەوانەی وتم ئەوکات دەبین بە هاوبەش لە پڕۆژەی چاکسازیدا کە مەرجەعییەت و گەل داوای کردووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەوکات پێکەوە پێشەوایەتی دەکەین بۆ چاکسازی و بونیاتنانەوە بەبێ توندوتیژی.

سەدر لە کۆتایی قسەکانیشدا گوتی: من تەنیا ئامۆژگاریکاری ئێوەم نەک دوژمن.

 

 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.