Erbil 38°C دووشەممە 10 ئاب 02:09

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا پێگەیشت

کوردستان TV
100%

 

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ماتێیۆش مۆراڤیتسکی سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا پێگەیشت، لە پەیوەندییەکەدا دۆخی کۆچبەرانی سەرسنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا تاووتوێ کرا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربارەی ڕەوشی ناهەمواری ئەو کۆچبەرانەی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لەنێویاندا منداڵیش هەن و لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندان و لە بارودۆخێکی سەختدان.

سەرۆکی حکوومەت هەموو ئامادەییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهاناوەچوونی ئەو کۆچبەرانە و باشترکردنی بارودۆخیان و سەلامەتییان دووپات کردەوە. سەرۆکی حکوومەت گوتیشی بەداخەوە ئەو کۆچبەرانە، بوونەتە قوربانی دەستی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان و ناکۆکی نێوان بێلاڕووس و یەکێتیی ئەوروپا.

هەروەها سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەشدا کە هەرێمی کوردستان، ئێستا پەناگەیەکی ئارامە بۆ نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر.

سەرۆکی حکوومەت و سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا گفتوگۆیان دەربارەی ڕێگەکانی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کۆچبەرانە کرد و هەردوولا هاوڕابوون کە کۆچبەران لەلایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێنراون و بوونەتە قوربانی تاوانێکی ڕێکخراو.

سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا ستایشی ئەو ڕێکارانەی کرد کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر، بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، هەروەها گرتنەبەری پشکنین و ڕێککاری توند و پێویست لە فرۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی ئەو کارە نایاساییانە ئەنجام دەدەن.

هەروەها گفتوگۆ دەربارەی هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و هاوبەشەکانی دیکە کرا، بۆ پێشکەشکردنی کارئاسانی لەپێناو گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران کە بڕیارە ئەمڕۆ لە یەکەم گەشتدا بگەنەوە بەغدا و هەولێر.

 سەرۆکی حکوومەت، خۆشحاڵی خۆی بۆ پێکهێنانی تیمێکی تەکنیکی هاوبەش دەربڕی بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ڕێککارانەی پێویستن بۆ ڕێگریکردن و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە بێلارووس و پۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا ئەرک و پابەندبوونی نێودەوڵەتیی خۆیان لە ڕێگەدان بە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور بۆ گەیاندنی هاوکاری بەپەلە و بەهاناوەچوونی کۆچبەران جێبەجێ بکەن. 

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرینگیی بەردەوامبوونی پەیوەندیی و هەماهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.