Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 05:42

سبه‌ی درێژترین مانگگیرانی سه‌ده‌ ڕوو ده‌دات

کوردستان TV
100%

 

ئاژانسی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكی (ناسا) ئاشكرای كرد، سبه‌ی هه‌ینی درێژترین دیارده‌ی مانگگیرانی نیمچه‌یی (جزئی) له‌ سه‌ده‌ی 21ی ڕوو ده‌دات.

مانگگیرانه‌ نیمچه‌ییه‌كه‌‌ سبه‌ی هه‌ینی ڕووده‌دات و به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش ماوه‌ی 3 كاتژمێر و 28 خوله‌ك ده‌خایه‌نێ.

مانگگیرانه‌كه‌ به‌ كاتی هه‌رێمی كوردستان سبه‌ی هه‌ینی كاتژمێر 10:18 به‌یانی ده‌ست پێ ده‌كات و كاتژمێر 12:02 ده‌گاته‌ لووتكه‌، هه‌روه‌ها كاتژمێر 1:47ی دوای نیوه‌ڕۆش به‌ته‌واوی كۆتایی پێ دێ.

له‌ كاتی ئه‌م ڕووداوه‌ مێژووییه‌دا مانگ به‌ ڕێژه‌ی 97% به‌ سێبه‌ری زه‌وی داده‌پۆشرێ و ڕه‌نگه‌كه‌ی سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێ.

ناسا جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م مانگگیرانه‌ نیمچه‌ییه‌ی سبه‌ی ڕوو ده‌دات، ماوه‌ی 580 ساڵه‌ له‌سه‌ر زه‌وی ڕووی نه‌داوه‌، هه‌روه‌ها پێشبینی ده‌كات كه‌ مرۆڤ تا ساڵی 2100 مانگگیرانی هاوشێوه‌ نه‌بینێته‌وه‌.

مانگگیرانه‌كه‌ هه‌موو دانیشتووانی جیهان نایبینن، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ردوو قاڕه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئوستڕالیا به‌باشی مانگگیرانه‌كه‌یان لێ دیار ده‌بێت، هه‌روه‌ها وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیاش ده‌یبینن، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان و عێراق و سه‌رجه‌م وڵاتانی عه‌ره‌بی ئه‌م دیمه‌نه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ی مانگگیرانه‌ نابینن.  

جێی باسه‌ مانگگیران كاتێك ڕوو ده‌دات كه‌ زه‌وی ده‌كه‌وێته‌ نێوانی مانگ و ڕۆژه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ سێبه‌ری زه‌وی به‌ر مانگ بكه‌وێ و بزر ببێت.

كاتێكیش مانگ گیرانه‌كه‌ نیمچه‌یی ده‌بێت، ئه‌وا به‌شی زۆری به‌ری ڕووناكی ڕۆژ له‌لایه‌ن زه‌وییه‌وه‌ ده‌گیرێ، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ڕه‌نگی مانگ سوور ده‌ركه‌وێ.

 

 

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.