Erbil 38°C دووشەممە 18 تشرینی دووەم 07:23

وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا سوپاسی پۆڵه‌ندا ده‌کات بۆ ڕێگریکردنیان له‌ کۆچبه‌ران

کوردستان TV
100%

 

هۆرست زیهۆڤه‌ر وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م ده‌چێته‌ وارسۆی پایته‌ختی پۆڵه‌ندا بۆ ئه‌وه‌ی سوپاسی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ بكات به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌كانیان بۆ‌ ڕێگریكردن له‌ كۆچكردنێكی ڕێكخراو له‌ بیلاڕووسیاوه‌.

پێش ئه‌نجامدانی گه‌شته‌كه‌، زیهۆڤه‌ر بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن گوتی: ئه‌وروپا ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاری قورسه‌وه‌‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانێ سنووره‌كان خۆی بپارێزرێ. هه‌روه‌ها ستایشی حكوومه‌تی پۆڵه‌ندای كرد له‌ په‌یڕه‌وكردنی شێوازی هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ كێشه‌ی كۆچبه‌ران له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو و ڕێكوپێك بووه‌، بۆیه‌ ئه‌ڵمانیا به‌هێزه‌وه‌ له‌پاڵ پۆڵه‌ندا ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌ڵمانیا، هاوشانی زیهۆڤه‌ر له‌م گه‌شته‌دا بۆ پۆڵه‌ندا هه‌ریه‌ك له‌ نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و سه‌رۆكی پۆلیسی فیدڕالی ده‌بن.

زیهۆڤه‌ر له‌ پۆڵه‌ندا ته‌نیا له‌سه‌ر پرسی كۆچبه‌ران و پاراستنی سنووره‌كان چاوی به‌ هاوشانه‌ پۆڵه‌ندییه‌كه‌ی ماریووش كامینكس ناكه‌وێ، به‌ڵكو باس له‌ باشتركردنی دۆخی مرۆیی په‌نابه‌ران له‌ سنووره‌كانی بیلاڕووسیا و ڕێگریكردن له‌ قۆستنه‌وه‌ی پرسی كۆچبه‌رانیش ده‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ هه‌زاران كۆچبه‌ر له‌ سنووره‌كانی بیلاڕووسیا و پۆڵه‌ندا گیریان خواردووه‌، كۆچبه‌ره‌كانیش زۆرینه‌یان خه‌ڵكی عێراق و سووریا و ئه‌فغانستانن، هه‌روه‌ها زۆرینه‌شیان داوا ده‌كه‌ن ڕێگه‌یان پێ بده‌ن ڕوو له‌ ئه‌ڵمانیا بكه‌ن.

لای خۆشییه‌وه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا ئه‌لیكسه‌نده‌ر لوكاشینكۆی سه‌رۆكی بیلاڕووسیای تۆمه‌تبار كردووه‌ كه‌ به‌ مه‌به‌ست ئه‌م كۆچبه‌رانه‌ی له‌ سنووره‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا كۆكردۆته‌وه و بۆ بابه‌تی سیاسی به‌كاریان دێنێ.‌

ئه‌نگێلا مێركل ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا له‌ چه‌ند ڕۆژی دواییدا په‌یوه‌ندی به‌ لۆكاشینكۆی سه‌رۆكی بیلاڕووسیا كردووه‌ بۆ‌ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ كۆچبه‌ران له‌سه‌ر سنووره‌كان.

 

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.