سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کە بەھۆی ئەنجامدانی پشکنینی ئاسایی قۆڵون دەسەڵاتەکانی رادەستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا کامالا ھاریس کردبوو، دوای دەرچوون لەژێر کاریگەریی سڕکردن، سەرلەنوێ دەسەڵاتەکانی وەرگرتەوە.
جێن ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی، ، لە بڵاوکراوەیەکیدا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە توێتەر، رایگەیاند: سەرۆک بایدن، لەگەڵ جێگری سەرۆک کامالا ھاریس و سکرتێری تایبەتی کۆشکی سپی کۆبوویەوە. لەم کاتەدا تەندروستیی بایدن زۆر باش بوو و دووبارە دەسەڵاتەکانی وەرگرتەوە".
ساکی، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بایدن، بە مەبەستی تەواوکردنی ئەو بەشەی کە ماوە لە کۆنترۆڵی تەندروستی بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانەی سەربازیی واڵتەر رید دەمێنێتەوە.
جۆ بایدن، پێش ئەنجامدانی پشکنینی ئاسایی قۆڵۆن، دەسەڵاتەکانی رادەستی کامالا ھاریس کردبوو. ھاریس، ببووە یەکەم خانم لە مێژووی ئەمریکا کە دەسەڵاتی سەرۆک وەربگرێت.
بەپێی ھاوپێچی بیست و پێنجەمین ماددەی دەستووری ئەمریکا، ئەگەر سەرۆک تووشی کێشەیەک بێت کە نەتوانێت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات یان نەشتەگەرییەک ئەنجامبدات کە بێھۆش بێت، ئەوە دەبێت ئەرکەکانی رادەستی جێگری سەرۆک بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.