Erbil 38°C دووشەممە 16 شوبات 08:14

سوپای عێراق دەنگۆی درێژکردنەوەی وادەی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکای رەتکردەوە

کوردستان TV
100%

سوپای عێراق رەتی کردەوە کە وادەی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق درێژ بکرێتەوە و رایگەیاند، ئەو دەنگۆیەی کە لەو بارەیەوە بڵاوکراوتەوە، دوورە لە راستییەوە.

لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو دەنگۆیەی کە باس لە درێژکردنەوەی وادەی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن، دوورە لە راستییەوە و گوتی: "سەربازانی ئەمریکا لە عێراق لە 31ی مانگی کانوونی یەکەمی داھاتوو لە عێراق دەکشێنەوە و گۆڕانکاریی لەو وادەیەدا ناکرێت".

لە 26ی تەمووزی رابردوو، بەغدا و واشنتۆن لە میانی گەڕی چوارەم و کۆتایی گفتوگۆی ستراتیجییدا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە ھێزەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق بکشێنەوە و تەنھا راوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە.

ھێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2014دا لەسەر داوای حکوومەتی عێراق بە ئامانجی شەڕی دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ھاتنە عێراق.

لیوا تەحسین خەفاجی گوتیشی: "دوای کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق، پەیوەندیی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە بوارەکانی مەشق و راھێنان، پڕچەککردن و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی ھەواڵگریی دژبە رێکخراوی تیرۆریستی، راوێژکاریی دەبێت".

ئەمەیش دوای ئەوە دێت پێشتر کەتائیب سەید شوھەدا نزیک لە ئێران کردنەوەی دەرگای پەیوەندییکردنی خۆبەخشانە بە رێزەکانییەوە بۆ شەڕی دژبە ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دوای کۆتایی ئەمساڵ، راگەیاند.

لەئێستادا سێ ھەزار سەرباز لە چوارچێوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق بڵاوکراونەتەوە کە لەو ژمارەیە دوو ھەزار و 500 یان سەربازی ئەمریکان.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.