وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە میانی پەیڕەوکردنی پلانێکی ستراتیجیی نیشتمانیی گشتگیر، ھەوڵەکانی لەشەڕی دژبە تیرۆر پتەوترکردووە .
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە،فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە میانی حەڤدەھەمین لووتکەی دایەلۆگی مەنامە بۆ ئاسایشی ھەرێمیی، گوتارێکی پێشکەش کردووە و تیایدا رایگەیاندووە کە عێراق لە رێگای پەیڕەوکردنی پلانێکی ستراتیجیی نیشتمانیی گشتگیر ھەوڵەکانی پتەوترکردووە لەشەڕی دژبە تیرۆر بەتایبەتیش دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش و گوتی: "بوونی متمانە و ھاریکاریی لە نێوان وڵاتانی جیھان و زاڵبوون بەسەر زمانی گفتوگۆ، زۆر گرنگە لە پێناو خوڵقاندنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیری، ھەروەھا دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر بۆ گەڵان".
بەپێی راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی عێراق، ھەر لە میانی گوتارەکەیدا ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە بە پاڵپشتیی وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوامن لە ھەوڵەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گوتی: "وێرای ئەو ھەوڵانەی کە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر خراوەنەتەگەڕ، بەڵام حکوومەتی عێراق گرنگی بە بەردەوامبوونی ھاریکارییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی جیھان لە بوارەکانی ھەوڵگریی و ئەمنی دەدات".
فوئاد حوسێن ھەروەھا ئاماژەی بەوەیشداوە، ئەو سەرکەوتنانەی کە بەسەر تیرۆریستاندا بەدیھاتوون، وای لە حکوومەتی عێراق کردووە بە ئاراستەی دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان، ھەنگاو بنێت و گوتی: "لە میانی ئەنجامدانی چەند کۆنگرە و چالاکییەک، جەختکراوەتە لەسەر ھاریکاریکردن لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان و وەبەرھێنان لە عێراق".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.