Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 13:52

قاهیرە بەشکۆیی یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی پارتی لە ئامێز دەگرێت

کوردستان TV
100%

بەبۆنەی 75 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و 60 ساڵەی شۆڕشی ئەیلولی مەزن، مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە و بە ئامادە بوونی باڵێۆزی عێراقی فیدراڵ و کونسوڵ و سەرجەم کارمەندانی باڵوێزخانە، و بەرپرسی پەیوەندییەکانی عەرەبی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، و ئەندام پەرلەمان و کەسایەتی سیاسی و راگەیاندکار و رۆژنامەنووسان و کۆمەڵێک قوتابی کورد و عێراقی لە زانکۆکانی میسر، ئێوارە ئاهەنگ و خوانێکی لە هۆڵی یەک لە هۆتێلە ناسراوەکانی قاهیرە لە قەراغ رووباری نیل ساز کرد، هەروەها چەندین  وێنەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ کەسایەتی و سەرکردەکانی جیهان نمایش کران.

له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌دا ئەحمەد دلێمی، باڵێوزی عێراقی فیدراڵ لە وتەیه‌كدا گوتی: مایه‌ی خۆشحاڵیمە کە ئەمڕۆ بەشداری لە یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی وسەرکردایەتی و ئەندامان و لانەگرانی پارتی کرد و گوتی: پیرۆزبایان لێدەکەم بۆ ئەو دەسکەوتانەی بەدەستیان هێناوە، هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندی مێژووی هاوبەشی نێوان عەرەب و کورد و ئاماژەی زاڵ بوونی پێکەوەی بەسەر تیرۆر و لەناوبردنی کرد، لە کۆتاییدا سوپاسی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و رێکخستنی ئەو ئاهەنگەی کرد.

دواتر دکتۆر محەمەد ئەبو کەلەل، بەرپرسی پەیوەندییەکانی عەرەبی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراقی پیرۆزبای ئاراستەی سەرکردایەتی و لایەنگرانی پارتی کرد و گوتی:  ئەمرۆ لە مێوانداری یەکێک لە حزبە عێراقییە دێرینەکانین کە لە ماوەی 75 ساڵی تەمەنی خاوەنی هەڵوێست و خەباتی گرنگ بووە بۆ رزگار بوون لە رژێمە دیکتاتورییەکان، هەروەها گوتی: برایان لە پارتی دیموکراتی کوردستان رۆڵی گرنگیان هەیە لە پاڵپشتی دروستکردنی دەوڵەتی عێراقی نوێ لە دوای ئازادی لە رژێمی بەعسی دیکتاتۆر لە ساڵی 2003 هەروەها گوتیشی: هەولێر ویستگەیەکی گرنگ بوو بۆ دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی سیاسی عێراقی بەجیاوازی بۆ چوونیان.

پاشان شێرکۆ حەبیب ،بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە قاهیرە وێرای بەخێرهێنانی ئامادە بووان سوپاسی کردن بۆ بەشداریکردنیان لەو ئاهەنگە و ئاماژەی بە رۆڵی پارتی کرد هەر لە ساتی دامەزراندنی لە ساڵی 1946 بەرابەرایەتی باوکی رۆحی کورد جەنابی مەلا مستەفا بارزانی نەمر لە بونیاد نانی دەوڵەتێکی دیموکراتی کە مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق دابین بکات و هەر لەو روانگەشەوە دروشمی دیموکراسی بۆ عێراق بەرز کرده‌وە کە ئەمەش باوەری دامەزرێنی ئەو حزبە، هەروەها گوتی ئەمرۆشی لەگەڵدا بێت پارتی بەرابەرایەتی سەرۆک بارزانی لە هەوڵی بونیاد نانی دەوڵەتێکی دیموکراسی فیدراڵی فرەی هەیە بە گوێرەی دەستور کە زامنی یەک پارچەی عێراق و پێکەوە ژیان و تەباییە، لە درێژەی ئاخاوتنەکەی بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە قاهیرە ئاماژە بە رۆڵی پارتی و سەرۆک بارزانی کرد بۆ چارەسەری گرفتەکان لەسەر بنەماکانی لێک تێگەیشتن و دیالۆک و برگەکانی دەستور، لە تەوەرێکی دیکە ئاماژەی بە پەیوەندی مێژووی نێوان کوردستان و میسر کرد، هەروەها ئاماژەی بە 60 ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن کرد گوتی: سەرکردایەتی پارتی و میللەتی کورد ناجار بوون پەنا بۆ چەک ببەن بۆ بەرگری کرد لە ژیان و خاک و شەری سەپێندراو بەسەر میللەتی کورد و گوتی پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانی نەمر هەردەم لەگەڵ جەنگ نیین بەڵکو هەردەم ئاشتی خوازن.

ئەمەو سەرجەم ئامادە بووان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریکردن لەو یاده‌و پیرۆزبایی یان پێشکەش کرد، راگەیاندنەکانی میسر-یش بەبایەخەوە هەواڵی ئەو چالاکییەیان بڵاوکردەوە.

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.