فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند کە حکوومەتی عێراق ئامادەیە ئەو کۆچبەرانەی کە لەسەر سنووری بێلاڕووس لەگەڵ پۆلەندا گیریان خواردووە، لەڕێگای گەشتی ئاسمانییەوە بەئارەزوومەندانە بگەڕێنێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە پەراوێزی دیدار و کۆبوونەوەکانی حەڤدەھەمین کۆڕبەندی دایالۆگی مەنامە، فوئاد حوسێن لەگەڵ وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا، میگێل بێرگەر کۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر پاڵپشتیکردن لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە لەسەر سنووری بێلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا گیریان خواردووە، ھەروەھا رایانگەیاندووە کە پێویستە ھەوڵەکان بە ئامانجی راگرتنی ئەو تۆڕە بەقاچاغبراوانە بخرێنەگەڕ کە ھاووڵاتییان فریودەدەن.
باس لەوەشکراوە کە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە میانی کۆبوونەوەکەدا راگەیاندووە کە حکوومەتی عێراق ئامادەییە پاڵپشتی و یارمەتی پێشکەش بە کۆچبەران بکات و گوتی: "ئامادەین، ئەو کۆچبەرانەی کە لەسەر سنووری بێلاڕووس لەگەڵ پۆلەندا گیریان خواردووە، لەڕێگای گەشتی ئاسمانییەوە بەئارەزوومەندانە بیانگەڕێنینەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا باسیان لە چۆنیەتی پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەڵمانیا کردووە و لەوبارەیەوە فوئاد حوسێن رایگەیاندووە کە عێراق ھەوڵدەدات ھاریکارییە ھاوبەشەکانی لەگەڵ ئەڵمانیا لە سەرجەم بوارەکاندا، پتەوتر بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.