ئهمڕۆ یهكشهم سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لهگهڵ عەقید ستار عەبدولكەریم سەرۆكی رێكخراوی پڕۆگرامی هاوكاری قوربانییانی ئەمەریكا TAPS، پێشوازی لە ژمارەیەك خێزانی شەهیدی هەردوو گەلی ئەمریكا و كوردستانی لە شاری هەولێر كرد، ئەمەش وەك هێمایەك بۆ پێكەوە قوربانیدانی هەردوو گەل لە جەنگی تیرۆردا كە رۆڵەكانیان لەپێناو مرۆڤایەتیدا گیانی خۆیان بەخت كردووە.
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەناوی شەهیدانی گەلی كوردستان سڵاوی بۆ شەهیدانی گەلی ئەمەریكا نارد، ئەو رۆژەی بە گرینگ و پڕبایەخ زانی كە هەردوولا لە قوربانیدانی یەكتر تێدەگەن.
گوتیشی: گەلی ئەمریكا و گەلی كوردستان خاوەن یەك ئامانجن، ئەویش پارستنی مرۆڤایەتییە، لەرێگەی دژایەتی و بنبڕكردنی تیرۆر لە جیهاندا، ئەمەش ئامانجێكی زۆر گرینگ و مەزنە بۆ جیهان.
هەروەها سەربەست لەزگین باسی لە مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان كرد و رایگەیاند: ئێمە لە پێناو ئاشتی و ئازادی وڵاتەكەماندا لە قوربانیدان بەردەوامین، لەو پێناوەشدا ناخۆشی و زەحمەتییەكی زۆرمان بینیووە، هەرئەمەش وای كردووە رۆژێكمان نەبێت بۆ قوربانیدانی پێشمەرگە، چونكە لە مێژووی خۆمان هەموو رۆژێكمان قوربانیدان بووە، هەرچەندە كە پێمانخۆش نەبووە ببینە قوربانی، بەڵكو ناچار كراوین لە پێناو ئاشتی و ئازادی و مرۆڤایەتیدا قوربانی بدەین.
عەقید ستار عەبدولكەریم سەرۆكی رێكخراوی پڕۆگرامی هاوكاری قوربانیانی ئەمەریكا TAPS بەهەمانشێوە وتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا، سوپاسی پێشوازی و میوانداری گەلی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەی كرد، دواتر تیشكی خستەسەر ئەو ئامانجانەی كە رێكخراوەكەیان لە پێناوی دامەزراوە، ئەویش لەیەک نزیككردنەوەی خێزانی شەهیدان و تێگەیشتنە لە ئێش و ئازارەكانی ئەوانەی لە پێناو ئاشتی و ئازادی و دیموكراسیدا قوربانییان داوە.
سەرۆكی رێكخراوی TAPS باسی لە خۆی كرد كە چۆن هاوسەرەكەی و هەموو ئەوانەی لە چوارچێوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق شەهید بوون. هاوكات بە گرینگییەوە باسی لە بوونی سوپا كرد كە بەردەوام قوربانی دەدا لە پێناو ئامانجی گشتی.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، هەریەكە لە بنەماڵەی شەهیدانی پێشمەرگە و قوربانیانی سوپای ئەمریكا بەیەكەوە گفتوگۆیەكی ڕاشكاوانەیان كرد، دواتر بەشێك لە خێزانەكانی سوپای ئەمەریكا ژیاننامە و ستۆری خۆیان پێشكەش كرد، ئەوەشی پێشكەشكران دەریخست كە هەردوو گەلی كوردستان و ئەمەریكا لە ڕووی قوربانیدان و كێشە كۆمەڵایەتییەكان لەیەكتر دەچن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.