سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان لە سلێمانی سەرکۆنە دەکات.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە کاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی قوتابییانی زانکۆی سلێمانی لە شاری سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرش دەکرێتە سەر ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی سەر بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێگرییان لێ دەکرێت لە ڕووماڵکردن و توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت.
هەر لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: ئێمە لە لیژنەی داکۆکی سەرباری ئەوەی دژی هەر جۆرە فۆڕمێکی توندوتیژین بەرامبەر هەر گرووپ و کەسێک ئەنجام بدرێت، پێویستە هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی ئارام و دوور لە توندوتیژی هاوکاری خۆپیشاندەران بن، تاکو داوای مافەکانیان بە هێمنی ئەنجام بدەن.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسان هاوکات سەرکۆنەی ئەو هێرش و ڕێگری و توندوتیژییە دەکات کە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لەو ژینگەدا ئەنجام درا، هەروەها داوا دەکات هەموو لایەک هاوکاربن بۆ ئەوەی گرژییەکان بڕەوێنەوە. دەشڵێت، ڕۆژنامەنووسیش مافی یاسایی خۆیەتی لە ژینگەی ڕووداوەکان بوونی هەبێت و ڕووماڵ بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.