مەكتەبی سكرتارییەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بهیاننامهیهكی سهبارهت به خۆپیشاندانی قوتابیان بۆ داواكردنی دەرماڵەی قوتابییان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی ھەرێمی كوردستان بڵاو كردهوه.
یهكێتییهكه له بهیاننامهكهدا پشتگیری لە تەواوی ماف و داخوازییەكانی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان كرد لە داواكردنی دەرماڵە.
داواشی له قوتابیان كرد ھێمنانە و دوور لە پەنابردن بۆ ھەر كردەوەیەكی ناشیاو كە دوورە لە بەرزی ئاستی توێژی قوتابیان داوكارییهكانیان بخهنهڕوو.
دهقی بهیاننامهكهی مهكتهبی سكرتارییهتی یهكێتی قوتابییانی كوردستان:-
سڵاوی زانست و خەبات....
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، بەشێك لە قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە ھەرێمی كوردستان، چەند خۆپیشاندانێكیان بۆ داواكردنی دەرماڵەی قوتابیان رێكخست، كە بەداخەوە لە بەشێك لەو خۆپیشاندانانەدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی گرژی دروستبوو و لە ئاكامدا چەند قوتابییەك برینداربوون. ئێمە لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان بە روونی ھەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێكدا، دەخەینەڕوو:-
1- پشتگیری لە تەواوی ماف و داخوازییەكانی قوتابییانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەكەین لە داواكردنی دەرماڵە، لەبەر ئەوەی قەیرانی دارایی كاریگەری زۆری لەسەر بار و گوزەرانی قوتابییان ھەیە.
2- داواكارین لە دەزگاكانی ئاسایشی ناوخۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەرپرسیارانە و دوور لە توندوتیژی مامەڵە بكەن و ئەركی خۆیان لە پاراستنی قوتابییان جێبەجێبكەن.
3- بە توندی ئیدانەی ھەر ھەوڵێكی كەسیی یان حزبی دەكەین بۆ بە سیاسیكردنی ئەم پرسە، یان بە كەرەستەكردنی ئەم پرسە یان ھەر پرسێكی تری پەیوەست بە قوتابییان بۆ مەرامی تر.
4- داواكارین قوتابییان ھێمنانە و دوور لە پەنابردن بۆ ھەر كردەوەیەكی ناشیاو كە دوورە لە بەرزی ئاستی توێژی قوتابیان، داواكارییەكانیان بخەنەڕوو.
5- سەرەڕای تێگەیشتنمان بۆ ئەو بارودۆخی داراییە سەختەی كە بۆ حكوومەتی ھەرێم دروستبووە لەلایەك بە ھۆی نەناردنی بودجە و شایستە داراییەكان لەلایەن بەغدا و لەلایەك بە ھۆی ئەو قەیرانی داراییە جیھانییەی بە ھۆی كۆرۆناوە درووستبووە، داواكارین حكوومەت بە پێی توانای دارایی خۆی، بڕیاری پێویست بدات لە بارەی داواكاری قوتابییان بدات.
لە كۆتاییدا، دڵنیایی بە قوتابیانی كوردستان دەدەین، یەكێتی قوتابییانی كوردستان ھەمیشە لە سەنگەری داكۆكیكردن لە مافەكانی قوتابییاندایە و قبووڵ ناكات موزایەدە بە قوتابیانەوە بكرێت.
یەكێتی قوتابیانی كوردستان
مەكتەبی سكرتارییەت
٢٣/١١/٢٠٢١
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.